بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لیوا محەممەد تەقی ئۆسانلو لە چاوپێکەوتنی تایبەت لە گەڵ کەناڵی المیادین، وێڕای جەختکردنەوە لە زاڵبوونی تەواو بە سەر بنکە و پێگەی گرووپە تیرۆریستییەکانی باکوری عێراق، سزا و گەمارۆکانی دژ بە ئێرانی بە پیشاندەری شکستی سیاسەتەکانی ئەمریکا ناو برد.
ناوبراو وتی: سنورەکان لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزە چەکدارەکانی ئێراندان بەڵام بەداخەوە هەندێک کات سنورەکانی عێراق جموجوڵی وەهای تێدایە کە ناسەقامگیریی لێدەکەوێتەوە.
لیوا ئۆسانلو وتی: دۆخی سنورەکان جێگیرە، بەرپرسانی ئێران داوایان لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی عێراق کرد کە گرووپە تیرۆریستییەکان هەڵبوەشێننەوە بەڵام بەداخەوە هیچ هاوکارییەکیان لەو پێناوەدا نەبووە، ئەوان دەزانن کە ئێمە بە سەر بنکەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەر شوێنێکدا بن، زاڵ دەبین.
فەرماندەی بڕیارگەی حەمزە سەیدئەلشوهەدا وتی: ئێمە دەمانتوانی سەرکردەی یەکێک لە گرووپە تیرۆریستییەکان بکەینە ئامانج، بەڵام سوپای پاسداران بە هۆی ئەوەی کە لە گەڵ هاوسەر و ئەندامانی خێزانەکەیدا بوو، ئەو کارەی نەکرد.
ناوبراو وتی: شانە تیرۆریستییەکان لە هەر شوێنێک بن دەکرێنە ئامانج، نزیکەی 23 کۆبوونەوە لە گەڵ لایەنی بەرامبەر لە ڕێگای دیپلۆماسییەوە کراوە و هەڵوێستی خۆمان بە حکومەتی عێراق ڕاگەیاندووە.
لیوا ئۆسانلو وتی: ئێمە دۆسیە و زانیاری تەواومان لە سەر تیرۆریستیەکان لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرد و داوای ڕادەستکردنی ئەوانمان کرد، ئەگەر هەرێمی کوردستان هاوکاری بکات دۆخەکە باشتر دەبێت.
وتیشی کە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ئەمریکییەکان ناشارنەوە و ئێمەش دەستێوەردان لەم بوارەدا ناکەین.
لیوا ئۆسانلو جەختی لە سەر دژایەتی ئێران بۆ بوونی ئەمریکییەکان لە نزیک سنورەکانی کردەوە و وتی: کاتێک کە ڕوبەڕوی ئەمریکییەکان دەبینەوە ئەوە کوردستانی عێراقە کە تێچووەکەی دەدات، ئەمریکییەکان دەزانن کە ئێمە سەبارەت بەوان تەواوی زانیاریمان هەیە و دەتوانین بە ئاسانی ئەوان بکەینە ئامانج.
فەرماندەی سوپای پاکوری ڕۆژئاوای ئێران سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا وتی: سزاکان شتێکی نوێ نییە و کاریگەریی نابێت و پیشاندەری شکستی ئەمریکییەکانە.
ئۆسانلو وتی کە ئێمە دەزانین ئەمریکییەکان بۆ هێرشی دژ بە ئێران مەشق و ڕاهێنان بە گرووپە تیرۆریستییەکان دەکەن و لە ڕووی داراییشەوە پاڵپشتی لەو گرووپانە دەکەن./.