بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و مەولود چاوش ئۆغلۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ڕێگای تەلەفوونەوە ئاڵۆزییەکانی باکوری سوریایان تاوتوێ کرد.
لەو وتووێژە تەلەفوونییەدا، دوایین دۆخی گۆڕانکارییە سنورییەکان و شەڕ و پێکدادانی نێوان تورکیا و هێزە کوردییەکانی سوریا تاوتوێ کرا.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە تاران لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگات و جەختی لە سەر چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانییانە کردەوە.
حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: مسۆگەربوونی ئەم ئامانجە پێویستی بە بەردەوامیی وتووێژە ئەمنییەکانی نێوان تورکیا و سوریا هەیە و هێرشی سەربازیی وشکانی نەک تەنیا کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو ئاڵۆزییەکان زیاتر دەکات.
ناوبراو ئامادەیی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ هەر هاوکارییەک لە پێناو چارەسەری سیاسیی کێشەکانی نێوان تورکیا و سوریا ڕاگەیاند./.