وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگه‌یاند: سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆمار بۆ سێ وڵاتی ئه‌ورووپی ئیتالیا، ڤاتیکان و فه‌رانسه به هۆی ڕووداوه تیرۆریستییه‌کانی پاریسه‌وه به هه‌ماهه‌نگی وڵاتانی ئاماژه‌پێکراو بۆ کاتێکی دیکه دواخرا.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف له وتووێژێکی ته‌له‌فزیۆنیدا جه‌ختی کرده‌وه: له په‌یوه‌ندیم له گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا ڕامگه‌یاند که له ئێستادا کاتی ئه‌وه هاتووه کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی پێکه‌وه و به هه‌ماهه‌نگی یه‌کدی ڕووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌کانی تیرۆر ببنه‌وه، وتیشی: سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک کۆماری ئیسلامی ئێران له کاتێکی گونجاو‌دا له داهاتوویه‌کی نزیک ئه‌نجام ده‌درێت.
ناوبراو سه‌باره‌ت به ڕووداوه تیرۆریستییه‌کانی فه‌رانسه هاوخه‌می خۆی له گه‌ڵ گه‌ل و حکومه‌تی ئه‌و وڵاته ڕاگه‌یاند و وتی: کرده‌وه تیرۆریستییه‌کان له هه‌ر شێوازێکدا ئیدانه ده‌کرێن و گه‌لی ئێرانیش وه‌ک قوربانییه‌کی ده‌ستی تیرۆر، به‌رده‌وام دژ به کرده‌وه‌ی تیررۆریستی بووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوونیکرده‌وه: له‌و بڕوایه‌داین که پێویسته له گه‌ڵ تیرۆر و توندووتیژی که نموونه‌یه‌کی دڵته‌زێنی له فرانسه بینرا، له ئاستی جیهانیدا دژایه‌تی بکرێت و ئه‌م مه‌ترسییه‌ش ته‌نیا به ناوچه‌که‌ی ئێمه‌وه سنوردار ناکرێت و پێویسته به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌شی به‌م ناوچه‌وه سنوردار نه‌کرێت.
زه‌ریف به ئاماژه به‌وه‌ی که کۆماری ئیسلامی ئێران له به‌ره‌ی پێشه‌وه‌ی ئه‌م خه‌باته‌یه، وتی: له‌و بڕوایه‌داین که جیهان ئه‌مڕۆ پێویسته هاوخه‌می خۆی له گه‌ڵ فه‌رانسه ده‌رببڕێت و هه‌وڵی ئه‌وه‌ش بدرێت که له دووباره‌بوونه‌وه‌ی وه‌ها کرده‌وه‌یه‌کی تیرۆریستی ڕێگری بکرێت.
محه‌ممه‌د جه‌واد زه‌ریف وه‌بیری هێنایه‌وه: پێشنیاره‌که‌ی دوکتۆر حه‌سه‌ن ڕۆحانی له دانیشتنی دوو ساڵی ڕابردووی کۆڕی گشتی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان به مه‌به‌ستی یه‌کێتی جیهانی دژ به تیرۆر و توندووتیژی، ئه‌وه‌ی پیشان دا که کۆماری ئیسلامی ئێران له کاتێکی گونجاو‌دا مه‌ترسییه‌که‌ی بینیوه و هاوکات چاره‌سه‌ری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسییه‌شی پێشنیار کردووه.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئاماژه‌ی به په‌یوه‌ندی تهلهفوونی خۆی له گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیتالیا دا و وتی: ڕێکه‌وتین که له ئێستادا پێویسته هه‌وڵه‌کان به مه‌به‌ستی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆریزم چڕتر بکرێنه‌وه و سه‌ردانه‌که‌ی دوکتۆر ڕۆحانی بۆ کاتێکی گونجاوتر دوا بخرێت و له‌م ده‌رفه‌ته به مه‌به‌ستی هه‌ماهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی دژ به تیرۆر و تیرۆریستان که‌ڵک وه‌ربگرین.
زه‌ریف له درێژه‌دا وتی: کاتی سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆک ڕۆحانی بۆ سێ وڵاتی ئه‌ورووپی له ڕێگای دیپلۆماتیکه‌وه ڕاده‌گه‌ێندرێت.