بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەو ڕاپۆرتەی نیۆیۆرک تایمزدا هاتووە کە ڕووسیا گەورەترین هێرشی ئاسمانیی بۆ سەر ئۆکرانیا لە سەرەتای شەڕی دژ بەم وڵاتەوە لە هەفتەی ڕابردوو کردووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە ڕووسیا لە سەدا 70 ی چەکەکانی لە شەڕەکەدا بەکار هێناوە. وەزارەتی بەرگری بەریتانیاش بە هەمان شێوە ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکەی 10 ی تشرینی یەکەمی ڕووسیا لە دژی ژێرخانەکانی ئۆکرانیا ڕەنگە توانای سەربازیی ئەو وڵاتە بۆ هێرشەکانی داهاتوو دابەزێنێت.
ئەو هێرشانەی هەفتەی ڕابردوو کە نیۆیۆرک تایمز بە گەورەترین هێرشی ئاسمانی لە سەرەتای شەڕی ئۆکرانیاوە ناوی بردووە، 96 مووشەک بووە. هێرەشەکە چەندین پرسیاری لێکەوتووەتەوە، ئەوەی کە ڕووسیا بە چ ڕێژەیەک کەڵکی لە پاشەکەوتی چەک و مووشەکەکانی وەرگرتووە و ئایا مۆسکۆ دەتوانێت بە دابینکردنی سەرچاوەی جێگرەوە، ڕێگایەک بۆ بەردەوامی شەڕەکە بدۆزێتەوە.
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاندبوو کە ڕووسیا تا مانگی ئایار مووشەکەکانی تەواو دەبێت. وەزیری بەرگری ئەمریکا پڕوپاگەندەی ئەوەیکردووە کە ڕووسیا بۆ دابینکردنی مووشەک پەنای هێناوەتە ئێران و کۆریای باکور. تاران و پیۆنگ یانگ ئەم بانگەشەیە ڕەتدەکەنەوە، لە هەمان کاتدا واشنتن هەوڵ دەدات لە کۆریای باشور تۆپخانە بکڕێت و ڕادەستی ئۆکرانیای بکات.
جینز کە کۆمپانیایەکی ئەمنیی بەریتانییە، ڕایگەیاندووە کە ڕووسیا سەرقاڵی درووستکردنی مووشەکی زیاترە.
ئەو کۆمپانیا ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە ڕووسیا پێش شەڕی ئۆکرانیا لە مانگی شوبات، هەڵمەتی درووستکردنی ژمارەیەکی زۆری مووشەکی ئەسکەندەر، کالیبر و کرۆزی دەستپێکردبێت و هەر ئێستاش لەو هەوڵەی بەردەوامە./.