بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، خەدیجە چەنگیز دەزگیرانی جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووس و ڕەخنەگری تیرۆرکراو لە لایەن دەسەڵاتی سعوودیەوە، لە تویتێکدا بە توندی ڕەخنەی لە بڕیارەکەی حکومەتی ئەمریکا گرت بۆ پێدانی پارێزبەندی بە محەممەد بن سەلمان جێنشینی سعوودیە لە دۆسیەی تیرۆرکردنی خاشقچی لە ئیستەنبووڵی تورکیا.
ناوبراو لە تویتەکەیدا ڕایگەیاند: وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پارێزبەندیی داوەتە بن سەلمان، کەس چاوەڕوانی وەها بڕیارێکی نەدەکرد، ئێمە بیرمان لەوە دەکردەوە کە ڕەنگە مۆمی دادپەروەری لە لایەن ئەمریکاوە دابگیرسێت بەڵام جارێکی دیکە پارە کاریگەرتر بوو، ئەمەش ئەو جیهانەیە کە نە جەمال دەیناسی و نە من.
خەدیجە چەنگیر ڕایگەیاند کە جەمال خاشقچی ئەمڕۆ جارێکی دیکە مردەوە.
دەزگیرانەکەی خاشقچی پێشتریش بە هۆی چاوپێکەوتنەکەی جۆبایدن و بن سەلمان، ڕەخنەی لە سەرۆک کۆماری ئەمریکا گرتبوو و ڕایگەیاندبوو کە بایدن هاوبەشی تاوانەکانی داهاتووی بن سەلمانە.
تویتەکەی چەنگیز پاش ئەوە دێت کە وەزارەتی دادی ئەمریکا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە حکومەتی جۆبایدن بەو ئەنجامە گەیشتووە کە محەممەد بن سەلمان لە دۆسیەی کوشتنی خاشقچیدا پارێزبەندیی هەیە./.