بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەنوچهر موتەکی وەزیری پێشووتری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین سەبارەت بە چالاکی گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستانی عێراق، وتی: ئەگەر ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە نابێت چەکیان هەبێت، نابێت مەشق و ڕاهێنانی سەربازییان هەبێت و دەبێت ئەمە ڕابگیرێت، هیچ وڵاتێک کەمپە سەربازییەکان لە پشتەوەی سنورەکانی خۆی قبووڵ ناکات. خاڵی دووەم چۆنیەتی دوورخستنەوەی ئەندامانی ئەو گرووپانەیە لە سنورەکانی ئێران، لە هێرشەکانی ئەم دواییەدا ژمارەیەک لە بنکە و بارەگاکانی ئەوان لەناو بران و ئەگەر پێویست بکات دیسانەوە ئەو هێرشانە دەست پێدەکاتەوە. گرووپە تیرۆریستییەکان لە هەرێمی کوردستان هەوڵی دابەشکردنی عێراق، سوریا و ناوچەکانی دیکە و لە ئاکامدا جیهانی ئیسلام دەدەن.
ناوبراو لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بە هەنگاوەکانی ئێران لە هێرشی سەر بنکەی گرووپە تیرۆریستییەکان بە تایبەت پەیامی تایبەت بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، وتی: پاش وتوویژ لە گەڵ حکومەتی عێراق، بەغدا ئاگاداری هەڵوێستی تارانە و ئەوەی کە دەبێت یەکەم پەیام وەربگرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دەبێت ئەوە وەبیربێنێتەوە کە ئێران سازشت لە سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆی ناکات، ئێمە بۆ سەلماندنی برایەتی خۆمان لە گەڵ برایانی عێراقی، بە تایبەت لە گەڵ برایانی کورد، ساڵانێک بوونی ئەو گرووپانەمان قبووڵ کردووە.
وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە ئاژاوەگێڕییەکانی ئەم دواییەش وتی: ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپی بە هەموو هێزێکەوە هاتوونەتە گۆڕەپانەکەوە و بە پارە و پاڵپشتی دیکە شەڕیان دەستپێکردووە بەڵام گەلی ئێران لە بۆنە جیاجیاکاندا پاڵپشتی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی دووپات کردووەتەوە و ئەو ژمارە ئاژاوەگێڕەش زۆربەی ڕێکخەرانیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون و زانیارییەکی زۆر لە سەر تۆڕی ئەمریکی لە ناوچەکە بە دەست هاتووە کە واشنتن و زایۆنیستەکان قەد بیریان لەوە نەدەکردەوە کە شتی وا ڕوو بدات./.