بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی زایۆنیستیی جرۆزاڵم پۆست ڕایگەیاندووە کە ئەو ڕژێمە ئامانجێکی بچووکە بۆ درۆنەکانی بەرەی خۆڕاگری.
ئەو ڕۆژنامە ڕایگەیاندووە کە تەل ئەبیب ترسی ئەوەی هەیە کە حزبوڵڵای لوبنان و هاوپەیمانەکانی ئێران لە سوریا، عێراق و یەمەن لە هەر شەڕێکی داهاتوو لە دژی ئیسرائیل کەڵک لە درۆنەکان وەربگرن.
جرۆزاڵم پۆست ڕایگەیاندووە کە شەڕی داهاتوو ڕەهەندی زۆری هەیە و ئیسرائیل ئامانجێکی بچووک و سەرەکی دەبێت کە ڕۆژانە بە هەزاران مووشەک، ڕۆکێت و سەدان درۆنی ئێرانی دەکرێتە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەش، هەر ڕۆژ سەدان شوێن کاول دەکرێت.
ئەو ڕۆژنامە زایۆنیستییە ڕایگەیاندووە کە ئێران خاوەن درۆنی پێشکەوتووە کە توانای فڕینیان بۆ هەزار تا دوو هەزار کیلۆمەتر هەیە.
جرۆزاڵم پۆست بە ئاماژە بەوەی کە نزیکەی 4 هەزار درۆن هێندەی نرخی فڕۆکەیەکی شەڕکەری ئێف 35 نابێت، ڕایگەیاندووە کە ئێران ساڵانە چەندین هەزار درۆن بەرهەم دێنێت.
پێشتریش میدیا و بەرپرسان و شارەزایانی ڕژێمی زایۆنیستی نیگەرانی خۆیان لە بەهێزبوونی درۆن و مووشەکەکانی بەرەی خۆڕاگری و لاوازیی سوپا و بەرەی ناوخۆیی ئەو ڕژێمە دەربڕیبوو./.