بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید محەممەد حوسێنی جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری پەرلەمانی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین، سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی پیلانگێڕییەکانی ئەم دواییە لە دژی کۆماری ئیسلامی وتی: ئێران وڵاتێکی بەهێزە و لە ناوچەکە خاوەن پێگە و دەستڕۆیشتووییە، دوژمنان دەیانەوێت ئاستەنگ بخەنە بەردەم پێشکەوتنەکانی ئێران و بۆ ئەمەش دەزگا هەواڵگری و سیخوڕییەکانی ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕژێمی زایۆنیستی و سعوودیە بەردەوام لە دژی ئێران چالاکی دەکەن.
ناوبراو وتی: ئێمە شێوازی کارکردنی ئەوان دەزانین و تەنانەت ژمارەیەک لە باڵیۆزخانەکانی وڵاتانی ئەورووپی لە تاران بوونە بەشێک لە پیلانگێڕییەکە و هۆشداری پێویست بەوان درا.
حوسێنی وتی: ئێمە کەناڵی ئینتەرنەشناڵ بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەزانین و لە ناوخۆی وڵات ژمارەیەک لە تێکدەرانی ئاسایشی خەڵک دەستبەسەر کراون.
جێگری سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری پەرلەمانی وتی: لە دەرەوەی وڵات و لە هەر شوێنێک کە پێویست بکات لە بەرامبەر ئەوانەی پیلانگێڕییان کردووە کاردانەوەمان دەبێت، وەک چۆن کە بنکەی گرووپەکانی دژبەری شۆڕش لە هەرێمی کوردستان بۆردومان کرا، ئێران ڕەنگە هەندێک وەڵامیشی هەبێت کە ئاشکرا نەکرێت بەڵام هەمووان بە تایبەت هێزە چەکدارەکان ئەرک و ڕاسپاردەی خۆیان جێبەجێ دەکەن./.









