بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی وتی: بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە سەر دۆسیەی چەکی کیمیایی سوریا لە ماوەیەکی زۆر کەمدا و بە بێ هیچ گۆڕانکارییەک لەم دۆسیەدا، ئەوەمان پێ دەڵێت کە دۆسیەکە سیاسییە و تەنیا بەردەوامبوونی تۆمەتەکانە لە دژی حکومەتی دیمەشق.
ناوبراو وتی: ناردنی ڕاپۆرتی مانگانەی حکومەتی سوریا بۆ بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی ڕێگری لە چەکی کیمیایی سەبارەت بە وردەکاری لەناوبردنی ئەو چەکانە و دامەزراوەکانی وەبەرهێنانی، شیاوی ڕێزلێنانە.
باڵیۆزی ئێران وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ئیدانەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دەکات لە هەر شوێنێک و لە لایەن هەر کەسێکەوە و لە هەر هەلومەرجێکدا و ئەمەش بە پێشێلکردنی مافی نێودەوڵەتی دەزانێت.
ئەمیر سەعید ئیروانی وتی: هەر لێکۆڵینەوەیەک لە سەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، دەبێت بێلایەنانە، پیشەییانە، بڕواپێکراو و بە پێی یاسای نێودەوڵەتی بێت.
ناوبراو وتی: بە سیاسیکردنی دۆسیەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی و ڕەوتی لێکۆڵینەوەکان تەنیا زیان بە ناوبانگی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی ڕێگری لە چەکی کیمیایی دەگەێنێت./.