بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر موسەوی بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تاران لە چاوپێکەوتنی کەناڵی المیادین وتی کە سەرجەم توندڕۆکانی ناوچەکە پاڵپشتی لە ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران دەکەن و ئەوەی کە لە ئێران ڕووی داوە، لە ڕاستیدا تۆڵەسەندنەوەی داعش و لایەنگرانی ئەم گرووپە تیرۆریستییە بە هۆی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانە لە لایەن ئێرانەوە.
ناوبراو ئاشکرای کرد کە ئەمریکییەکان پەیامیان بە تاران داوە کە لێدوانەکەی جۆبایدن هەڵوێستی فەرمی ئەمریکا لە بەرامبەر ئێران نییە.
موسەوی وتی: ئەمە پیشاندەری شکستی ئەو پیلانەیە کە هیوایان پێی بووە و ئێستا لە هەڵوێستی خۆیان پاشەکشە دەکەن.
ناوبراو وتی کە ئامانجی ئەمریکا بە سوریاکردنی ئێران بوو، ئەو پیلانەی کە ئامانجەکەی ڕشتنی خوێنی ئێرانییەکان بوو. یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی ئەمریکا لاوازکردنی پێگەی ئێران لە دانوستانەکانی ڤیەننا بوو، بە پێی ئەوەی کە ئێران بەهێزەوە لە دانوستانەکان ئامادە بوو و پێداگری لە هەڵوێستەکانی خۆی دەکرد، ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی پێگەی ئەم وڵاتەی دەدا.
بەڕێوەبەری سەنتەری توێژینەوە ستراتیژی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی تاران وتی کە هەڵوێست و پێگەی ئێران نەک تەنیا لاواز نەبووە بەڵکوو بە پاڵپشتی کۆمەڵانی خەڵک لە ڕێپێوانەکەی 13 ی گەڵاڕێزان، جارێکی دیکە ئەوە بۆ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕوون کرایەوە.
ئەو شارەزا سیاسییە وتی: ئەگەر بیانەوێت ئاشتی لە ناوچەکە بوونی هەبێت، پێویستە مەرجەکانی ئێران قبووڵ بکەن، لایەنی ئەمریکی دانوستانەکانی بە هیوای ئاژاوەگێڕییەکان ڕاگرتووە، پەیامی ناوەکیش لە هەفتەی ڕابردوو گەیشتە ئێران و وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە وەڵامی دایەوە. ئەوان هەوڵی گۆڕانکاری بنەڕەتییان لە ئێران دەدا بەڵام گەیشتنی پەیامی نوێ بە تاران، بە واتای ئەوەیە کە پیلانەکەیان شکستی هێناوە.
موسەوی سەبارەت بە گەڕانەوەی بنیامین نتانیاهۆ بۆ دەسەڵاتی ڕژێمی زایۆنیستی و ئەگەر گەڕانەوەی کۆماریخوازەکان لە ئەمریکاش، وتی: ئێران ئەزموونی دەسەڵاتی کۆماریخوازەکانی لە ئەمریکا هەیە و لە سەردەمی ترەمپیش زیاترین و قورسترین سزا و گەمارۆکان بینراوە و تەنانەت ئێران بنکەی سەربازی ئەمریکاشی لە عێراق بۆردومان کرد و وەڵامیان نەبوو. سەبارەت بە ڕژێمی زایۆنیستیش، نتانیاهۆ تاقیکراوەتەوە، لە ڕابردوودا هیچی پێنەکراوە کە ئێستا بتوانێت جێبەجێی بکات.
ناوبراو سەبارەت بە سعوودیەش وتی: دەزانن کە لە سعوودیەشەوە چەند پەیامێک گەیشتووە. پێم وایە کە ئەگەر وتووێژەکانی لە گەڵ ئێران ڕابگرێت پەشێمان دەبێتەوە، سعوودیە ڕایگەیاندووە کە پەیوەندیی بە کەناڵی ئێران ئینترنەشناڵەوە نییە و ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە ئەگەر شتێک ڕوو بدات پەیوەندی بە ئێرانەوە نییە.
ئەمیر موسەوی وتی: سعوودییەکان پارە و کەرەستەی هەواڵگرییان ناردە ئێران و ئامانجەکەشی سیستان و بەلوچستان و کوردستان بووە، بەڵام سەرجەمیان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستی بەسەردا گیرا./.