بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مامۆستا فایەق ڕۆستەمی لە وتاری هەینی ڕۆژی 4 ی تشرینی دووەمی 2022 وتی کە ئەمریکا تا ئێستا پاڵپشتیی لە هیچ وڵاتێک نەکردووە و تەنیا ئامانجیشی دەسدرێژی و تاڵانکردنی سەروەت و سامانی وڵاتانی ئیسلامییە.
ناوبراو وتی: تەنیا پێویستیی ئەمڕۆی ئێمە خەمخۆری و هەوڵ و کارە و بەرپرسان دەبێت خزمەتی زیاتر بەم خەڵکە بکەن، ئەو خەڵکەی کە بە یەکڕیزی و پێکەوەبوون سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانییان مسۆگەر کرد.
مامۆستا ڕۆستەمی وتی: خەڵکی ئێران و بە تایبەت کوردستان هیچ کات هەوڵی ئاژاوەگێڕی نادەن.
وتارخوێنی هەینی سنە وتی: ئەمڕۆ دەبێت بە یەکگرتوویی نێوان خەڵک و بەرپرسان، ئێرانێکی بەهێز لە ڕووی ئابوری، ئەمنی و سەربازییەوە وەک نموونەیەک بە جیهان پیشان بدەین.
ناوبراو وتی: ئاسایش و سەقامگیری هێڵی سوری خەڵکی کوردستانە، خەڵکی ئەم پارێزگایە لە سەرەتای شۆڕشی ئیسلامی و ساڵانی شەڕی سەپێندراوی سەدام ئەزموونی تاڵ و دژواری ناسەقامگیرییان هەبووە و ئەمڕۆ بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری خۆیان دەرفەتی دەسدرێژی بە هیچ دوژمنێک نادەن./.