بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق حوسێن سەلامی لە پەراوێزی ڕێپێوانی 13 ی گەڵاڕێزان ڕۆژی نیشتمانیی بەرەنگاربوونەوەی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بە ئاماژە بە بەشداری بەرچاوی خەڵک لەم بۆنە نیشتمانییەدا وتی: ئەوەی کە ئەمڕۆ بۆ جیهانییان ڕوون بووەتەوە، بەشداری و ئامادەبوونی بەربڵاوی خەڵکە کە هیوادارین میدیا بیانییەکان هێندە ڕاستگۆ بن کە بتوانن ئەم شکۆ و ڕاستییەی ئامادەبوونی خەڵکی ئێران بڵاو بکەنەوە.
ناوبراو وتی: بوونی ئەم هەموو گەنجە لە ڕێپێوانەکە پیشان دەدات کە گەنجانی ئێرانی ئیسلامی بەردەوام پاڵپشتی لە شۆڕشەکەی خۆیان دەکەن و لە بەرامبەر ڕەوتی ستەمکاری جیهانی بەهێز و خاوەن ورە ماونەتەوە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران وتی: ئەمڕۆ خەڵک بە گشتی داوای تۆڵەکردنەوەیان دەکرد، خەڵکی ئێمە ئازیزن و شۆڕشەکەیان بەشکۆیە، ئێمە دەسکەوتی زۆرمان هەبووە و بەرەو پێشکەوتنی زیاتر دەڕۆین، ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییەش ناتوانێت کاریگەریی لە ڕەوتی شۆڕشەکەی ئێمە بێت.
فەریق سەلامی وتی: گەلی ئێمە بەردەوام لە گۆڕەپانەکەدا ماونەتەوە و هیچ هەڕەشە و مەترسییەک لە سەر شۆڕشی ئیسلامی نییە.
ناوبراو وتی: ئەمڕۆ دوژمنان هێزەکانی خۆیان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و لەوە نیگەرانن کە کۆماری ئیسلامی ئێران وەڵامی کردەوەکانی ئەوان بداتەوە و بەم بۆنەوە چوونەتە حاڵەتی بەرگرییەوە.
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران وتی: دوژمنان دەزانن کە ئێمە وەڵامی ئاژاوەگێڕی و دەستێوەردانەکانی ئەوان دەدەینەوە بەڵام ئێستا ناتوانین بڵێین کە لە کوێ و چۆن ئەو کارە دەکەین. ئەمانە دەمێننەوە و دوژمنان لە کاتی ڕووداوەکاندا دەزانن کە چی ڕوو دەدات، ئەوەی ئارامی خەڵک بگرێت، ئارامیی نابێت./.