بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمیر سەعید ئیروانی لە کاردانەوەی بەرامبەر بە کۆبوونەوەی نافەرمیی ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سەبارەت بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران، بە پەیامنێرانی ڕاگەیاند: ئەمریکا لە بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی نافەرمیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەنای هێناوەتە هەڵمەتی فریو، دووڕوویی و شەڕی دەروونی.
ناوبراو وتی: ئەمریکا بانگەشەی ئەوە دەکات کە کۆبوونەوەکە بۆ پاڵپشتییە لە خەڵکی ئێران، گاڵتەجاڕییەکەی بەرپرسانی ئەمریکا ئەوەیە کە ئێرانییەکان ساڵانێکە بە هۆی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەویش لە شەڕێکی ڕاستەقینە کە خۆراک و دەرمان بووەتە ئامرازەکەی.
ئیروانی وتی: ئەمریکا بەردەوام مافی مرۆڤی وەک ئامرازی دژایەتی لە گەڵ وڵاتانی سەربەخۆ بەکار هێناوە و پلەتفۆرمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرچاوەکانی لە پێناو ئامانجە سیاسییەکانی خۆی دەستکاری دەکات.
باڵیۆزی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: ئەمریکا هیچ کات نیگەرانی مافی مرۆڤ لە ئێران و شوێنەکانی دیکەش نەبووە، کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایش دەستێوەردانە لە کاروباری حکومەتێکی سەربەخۆ و پێشێلکردنی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە.
وتیشی کە ئێران بەسیاسیکردنی دۆسیەی مافی مرۆڤ و دەستکاریکردنی سیستەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجە سیاسییەکان ڕەتدەکاتەوە و سەبارەت بەمەش بەردەوام هۆشداریی داوە.
ئەمیر سەعید ئیروانی وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام پابەندی مافەکانی مرۆڤ بووە و لە پابەندبوونی بەم بەڵێنەش بەردەوام دەبێت و حکومەت بەردەوام پاڵپشتیی لە مافەکانی خەڵک کردووە./.