بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، نێچیرڤان بارزانی لە کۆنفرانسی میری لە شاری هەولێر وتی: بوونی ڕەوتی سەدر لە پرۆسەی سیاسی بابەتێکی گرنگە و حکومەت پێویستە سەرجەم هەوڵەکانی بۆ ڕازیکردنی ئەم ڕەوتە بەکار بێنێت تا ئەوان لە حکومەتدا هاوکاری و بەشدارییان هەبێت.
ناوبراو وتی: ڕۆڵ و پێگەی ڕەوتی سەدر و ڕێبەرەکەی لە پرۆسەی سیاسیدا گرنگ و سەرەکییە و پاڵپشتی لەم کابینەیەش ئەرکی سەرجەم لایەنەکانە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراقی لەم قۆناغەدا بە گرنگ ناو برد و جەختی لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی دەستووردا کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی وتی: ئەگەر کابینەی ئێستا بە کابینەی پێشوو بەراورد بکەین دەبینین کە مستەفا کازمی پاڵپشتی لایەنەکانی نەبووە بەڵام محەممەد شیاع سودانی پاڵپشتی لایەنەکانی شێعە، کورد و سوننەی هەیە و کابینەی ئێستا جیاوازە و بۆ ئەمەش چاوەڕوان دەکەین چارەسەری بۆ کێشەکان هەبێت./.