بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، باڵیۆزخانەی سعوودیە لە لوبنان بۆ ئەوەی کە ” ڕزگارکردنی ڕێکەوتنی تائیف ” ناوی ناوە، لەم ڕۆژانەدا ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێک بە ئامادەبوونی کەسایەتییە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی نزیک لە ڕیاز دەدات. وەلید بوخاری باڵیۆزی سعوودیە سەرجەم هەوڵەکانی بۆ بەڕێوەچوونی سەرکەوتووانەی کۆنفرانسەکە بەکار هێناوە. بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکان حوسێن حوسێنی سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی لوبنان، ئەخزەر ئیبراهیمی وەزیری دەرەوەی پێشووتری جەزایر و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی لوبنانی کە لە کاتی واژۆکردنی ڕێکەوتنی تائیف ئامادە بوون و هەورەها ژمارەیەکی دیکە لە لایەنە سیاسییەکانی لوبنان لەو کۆنفرانسەدا بەشداری دەکەن.
ئەگەرچی کۆنفرانسەکە بە ڕواڵەت بۆ بەرگری لە ڕێکەوتنی تائیف و گرنگی جێبەجێکردنی بەڕێوە دەچێت بەڵام لە ڕاستیدا ئامانجێکی دیکەی هەیە و ڕاستەوخۆ چەکی خۆڕاگریی لوبنان دەکاتە ئامانج.
هەوڵەکانی باڵیۆزی سعوودیە بە ئاراستەی ئەوەدا دەڕوات کە ڕیاز لەم قۆناغە لە پرۆسەی سیاسی لوبنان کە گۆڕانکارییەکی زۆر چاوەڕوانی دەکات، دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیدا بەرەو پێش ببات و شکست بە هەوڵەکانی ئەم دواییەی سویسرا بۆ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان و دانوستانی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بێنێت، لە بەر ئەوەی کە سعوودیە ڕۆڵی هیچ وڵاتێکی لە لوبنان پێ قبووڵ ناکرێت.
ڕۆژنامەی ئەخبار ی لوبنانی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئەو کۆنفرانسەی بڕیارە لە لایەن سعوودیەوە بەڕێوە بچێت، حزبوڵڵا بە بەرپرسی کێشە ئابوری و سیاسییەکانی ئەم دواییەی لوبنان دەناسێنێت و وەرزێکی نوێی ململانێ لە گەڵ ڕکابەرەکانی ڕیاز دەست پێدەکات، تەنانەت ئەگەر تێچووەکەشی شەڕی خوێناویی ناوخۆیی لەم وڵاتە بێت.
لە هەفتەکانی ڕابردوو باڵیۆزخانەی سویسرا هەوڵی ئەوەی داوە سەرکردە و نوێنەری سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی لوبنان لە ئێوارەخوانێکی ماڵی باڵیۆز کۆبکاتەوە. میواندارییەکە هەوڵی ئەوەش دەدات ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی ژنێڤ لە داهاتوودا بکات.
زانیارییە نافەرمییەکان لە لوبنان باس لەوە دەکەن کە سویسرا هەوڵی ئەوەیداوە لایەنە سیاسییەکان بۆ پێداچوونەوە بە ڕێکەوتنی تائیف و واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی نوێ هان بدات، ڕێکەوتنێک کە کەموکوڕییەکانی ڕێکەوتنی تائیفی نەبێت و کێشە و قەیرانە سیاسی و ئابورییەکانی لوبنان کەم بکاتەوە.
وەلید بوخاری باڵیۆزی سعوودیە پاش بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە دەستبەجێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاند کە هەر گۆڕانکارییەک لە ڕێکەوتنی تائیف ڕەتدەکرێتەوە و ناڕاستەوخۆ هەڕەشەی ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوخۆیی و دابەشبوونی لە ئەگەری هەڵوەشانەوەی ڕێکەوتنی تائیف کردووە.
باڵیۆزی سعوودیە پاش ئەوەش لە گەڵ سەرۆک کۆماری پێشوو و سەرۆکی پەرلەمانی لوبنان کۆبووە و پاش هەر دوو کۆبوونەوەکە هیچ لێدوانێکی بۆ پەیامنێران نەدا، ئەمەش لە لوبنان بە ئەرێنی سەیر ناکرێت.
پاش هەوڵەکانی باڵیۆزی سعوودیە، لایەنی سویسرا میواندارییەکەیی دواخست و شارەزایانی کاروباری ناوخۆیی لوبنان ڕایانگەیاندووە کە ئەو هەنگاوەی باڵیۆزی سویسرا قەد سەدر ناگرێت.
پێدەچێت شکستەکانی باڵیۆزی سعوودیە لە مسۆگەرکردنی ئامانجەکانی وڵاتەکەی لە لوبنان لە خولی ڕابردوو و پاش بەڕێوەچوونی دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی و هەروەها شکستەکەی بۆ پەراوێزخستنی حزبوڵڵا، سەرکردەکانی ڕیازی توڕە کردووە و هەر بۆیە ڕەنگە بوخاری بۆ ڕازیکردنی سەرکردەکانی وڵاتەکەی پەنا بۆ هەر هەنگاوێک لە لوبنان ببات، تەنانەت ئەگەر تێچووەکەشی شەڕی ناوخۆیی و خوێناوی لەم وڵاتەدا بێت./.