بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، جیهانی تەکنۆلۆژیای ئەمڕۆ وایکردووە کە باوک و دایک بە هەر شێوازێک هەوڵ بدەن کەرەستەی سەردەم بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، هەندێک کات خێزانەکان بە ناچار ئەمە دەکەن، لە سەردەمی کۆرۆنا ئەوەمان بینی کە منداڵەکان بۆ وانەکانیان پێویستیان بە مۆبایل هەبوو، یان کۆمپیۆتەر و لاپ تۆپ، بەڵام ئەمانەش زیانیان هەیە.
پرسیارێکی گرنگ بۆ خێزانەکان ئەوەیە کە ئایا منداڵەکان مۆبایل بەکار بێنن یان نە؟
دکتۆر مەهدی ئیسماعیل تەبار ڕاوێژکار و دەرون ناسی منداڵان و مێرمنداڵان وەڵامی داوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەمە ڕێکارێکی باش نییە کە مۆبایل لە منداڵ وەربگیرێت، هەنگاوی یەکەم ئەوەیە کە لە پەیوەندی نێوان باوک و دایک لە گەڵ منداڵ متمانە درووست ببێت، بە واتایەکی دیکە پەیوەندییەکی تێکەڵاو بە دۆستایەتی و خۆشەویستی لە گەڵ منداڵدا هەبێت و پاشان سەبارەت بە پرسە جیاجیاکان قسەی لە گەڵدا بکرێت تا بژاردەیەکی درووستی هەبێت.
ناوبراو وتی: دەبێت ئەوە بزانین کە باوک و دایک ڕاهێنەری ژیانی منداڵانن نەک مۆبایلەکان. هەر بۆیە ئەگەر بە درووستی پەیوەندیتان لە گەڵ منداڵەکاندا هەبێت، پێویست بە وەرگرتنی مۆبایل لەوان ناکات. دەبێت چاودێری هەڵسووکەوت و ئیش و کاری منداڵان بکرێت. هەرچەندە متمانەی نێوان باوک و دایک و منداڵان بەهێزتر بێت زیانەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کەرەستە و ئامێرەکانی تەکنۆلۆژیا لە سەر ئەوان کەمتر دەبێت. باشترە لە کەشی نێوماڵدا متمانە درووست بکرێت، ئەمەش کرا هەڵسووکەوتی منداڵەکان خۆی باش دەبێت./.