بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و چین لە ساڵی 2022 تا ئێستا گەیشتووەتە 12 ملیار و 320 ملیۆن دۆلار.
گومرکی چین ڕایگەیاندووە کە ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئەم وڵاتە لە گەڵ ئێران لە کانوونی دووەم تا ئەیلولی 2022 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 18 گەشەی کردووە. لە مانگی کانوونی دووەم تا ئەیلولی 2021 ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی نێوان ئێران و چین زیاتر لە 10 ملیار و 490 ملیۆن دۆلار بووە.
هاوردەی چین لە ئێران لە 9 مانگەی ساڵی 2022 گەیشتووەتە 5 ملیار و 370 ملیۆن دۆلار کە ئەم ڕێژەیە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 11 گەشەی کردووە. چین لە مانگی کانوونی دووەم تا ئەیلولی 2021 زیاتر لە 4 ملیار و 840 ملیۆن دۆلار کاڵای ئێرانی هاوردە کردبوو.
هەناردەی چین بۆ ئێران لە مانگی کانوونی دووەم تا ئەیلولی 2022 لە سەدا 23 گەشەی هەبووە و گەیشتووەتە 6 ملیار و 950 ملیۆن دۆلار. چین لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو 5 ملیار و 650 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئێران کردبوو.
کۆی گشتی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی چین لە گەڵ وڵاتانی جیهان لە 9 مانگەی کانوونی دووەم تا ئەیلولی 2022 بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردووی لە سەدا 8.7 گەشەی کردووە و گەیشتووەتە 4751 ملیار دۆلار. لەم ماوەیەدا هەناردەی چین 12.5 گەشەی هەبووە بەڵام هاوردەی ئەم وڵاتە تەنیا 4.1 بەرز بووەتەوە./.