بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەبدولمحەممەد تایەری دیپلۆماتکاری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئەفغانستان بە ئاماژە بە بڵاوبوونەوەی هەندێک هەواڵ سەبارەت بە هەوڵی گرووپی تاڵیبان بۆ نزیکبوونەوە و پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، ڕایگەیاند: بەم دواییانە هەندێک هەواڵ سەبارەت بە ئیرادە و خواستی تاڵیبان بۆ پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی بڵاو بووەتەوە کە ڕیشەی هەواڵەکانیش بۆ میدیا زایۆنیستەکان دەگەڕێتەوە و ئەڵبەت تاڵیبانیش ئەم بابەتەی ڕەتکردووەتەوە. پێش هەر لێکدانەوەیەک دەبێت بوترێت کە ڕژێمی زایۆنیستی لە هەر دەرفەتێک بۆ زاڵبوونی هەواڵگری لە ناوچەکانی مەبەست کەڵک وەردەگرێت و بە دڵنیاییەوە کە هەوڵ دەدات لە وڵاتانی دراوسێی ئێران نزیک ببێتەوە. تاڵیبان لە ئێستا و لە داهاتوودا بابەتی لەم شێوەیە ڕەتدەکاتەوە.
ناوبراو وتی: حاشاکردنی تاڵیبان لەم پەیوەندییە هێندە بابەتێکی نامۆ و سەیر نییە، ئەم گرووپە هەر ئێستاش تیرۆری ئەیمەن زەواهیری سەرکردەی پێشووی ڕێکخراوی قاعیدە لە کابوڵ ڕەتدەکاتەوە، لە کاتێکدا کە میدیاکان و دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا وێنە و بەڵگەی ئەو تیرۆرەیان بڵاو کردەوە، بەڵام تاڵیبان حاشا لەوانەش دەکات و بێدەنگی هەڵدەبژێرێت. ڕژێمی زایۆنیستی کە تاران بە دوژمنی یەکەم و گەورەی خۆی دەبینێت بە هەر شێوازێک هەوڵ دەدات لە ناوچەکانی چواردەوری ئێران نزیک ببێتەوە.
ئەو شرۆڤەکارەی کاروباری ئەفغانستان وتی: تاڵیبان و ئەفغانستان لە ئێستادا پێویستیان بە هاوکاری دارایی هەیە و ئەمەش دەتوانێت باشترین دەرفەت بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بێت. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی تاڵیبان هێشتا دەسەڵاتی تەواوی بە سەر ئەفغانستانەوە نییە و تەنانەت لە ناوخۆی ئەم گرووپەش لە سەر جۆر و شێوازی بەڕێوەبەردنی ئەفغانستان ناکۆکی هەیە. بەم پێیەش کەلێنەکان دەتوانێت دەرفەتێک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی بێت و لە ڕێگای ئابورییەوە سیناریۆکانی لەم وڵاتەدا بەرەوپێش ببات.
دیپلۆماتکاری پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کابوڵ وتی: مۆدێلێکی دیکە بۆ ڕژێمی زایۆنیستی جۆربەجۆری پێکهاتە و لایەنەکانی ئەفغانستانە، لە بەر ئەوەی کە کۆمەڵگای ئەفغانستان هەر ئێستاش تووشی کێشە و گرفتی زۆرە. ئەوەی کە پرسی پەیوەندی تاڵیبان و ڕژێمی زایۆنیستی لە میدیاکانی سەر بە تەل ئەبیب باس دەکرێت و تاکلایانە قسە و باسی لە سەر دەکرێت پیشان دەدات کە لە پشتەوەی پەردە لە ئاستە جیاجیاکاندا تاوتوێ کراوە. ئەمریکا لە ئەفغانستان لە ڕووی سەربازییەوە نەماوە بەڵکوو لە ڕووی هەواڵگرییەوە هێشتا دەستی باڵای هەیە و لە گەڵ دەزگای هەواڵگری ڕژێمی زایۆنیستیش هاوکاریی هەیە.
عەبدولمحەممەد تایەری لە کۆتاییدا وتی: تاڵیبان هەر جۆرە پەیوەندییەک لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕەتدەکاتەوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە سعوودیە ڕووگەی سیاسی و ئائینییە بۆ تاڵیبان. ڕیاز هەر ئێستاش بوونی پەیوەندی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی ڕەتدەکاتەوە و تاڵیبانیش ئەو وڵاتەی لەم بوارەدا بە نموونە وەرگرتووە و سیاسەتێکی دووفاقیی هەیە. خاڵی دیکە ئەوەی کە تاڵیبان تێڕوانینی تاران لە سەر ڕژێمی زایۆنیستی دەزانێت و بەم هۆیەوە لە ئاکام و لێکەوتەکانی هەر نزیکبوونەوەیەک لە تەل ئەبیب تێدەگەن، ئەگەر دانوستانێکیش کرابێت تاڵیبان وەک نموونەکانی دیکە حاشای لێدەکات بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی دەیەوێت ئاشکرا بکرێت، ئەگەر هەواڵی بڵاوکراوەیش خەرقێکی هەواڵگری بێت، دەبێت بوترێت کە لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە کراوە نەک تاڵیبان. پێم وایە کە ئیرادەی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ بوون و کاریگەریی لە جوگرافیایەکی وەک ئەفغانستان بە تەواوی ئاشکرایە بەڵام دەبێت بزانین کە تەل ئەبیب لە ئێستادا لە ڕووی میدیاییەوە سەبارەت بە بوونی پەیوەندی لە گەڵ تاڵیبان چالاکی دەکات./.