بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەعد ئیبراهیم مازی کەسێکی سعوودییە کە ڕەگەزنامەی ئەمریکیشی هەیە، ئەو لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە کاتی سەردانیکردنی ڕیاز بۆ دیتنی بنەماڵەکەی بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی 14 تویت دەستبەسەر کرا. یەکێک لە تویتەکان پەیوەندی بە جەمال خاشقچی ڕۆژنامەنووسە تیرۆرکراوەکەی سعوودیەوە هەیە کە بە فەرمانی بن سەلمان لە ساڵی 2018 لە کۆنسووڵخانەی سعوودیە لە ئیستەنبووڵ تیرۆر و تەرمەکەی پارچە پارچە و لەناو برا. ژمارەیەکی دیکە لە تویتەکانی سەعد ئیبراهیم سەبارەت بە گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی لە لایەن ڕژێمی سعوودیەوە بووە.
ڕۆژنامەی واشنتن پۆست لە ڕاپۆرتێکدا لە سەر زاری کوڕەکەی سەعدەوە ڕایگەیاندووە کە ناوبراو تێڕوانینێکی میانەی لە سەر حکومەتی سعوودیە هەبووە بەڵام لە کاتی گەیشتنی بۆ فڕۆکەخانە دەستبەجێ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لە گرتووخانەش ئەشکەنجە دراوە.
مازی لە 3 ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بە 16 ساڵ زیندان سزا درا. لەمەش زیاتر قەدەغەی چوونەدەرەوەی لە سعوودیە بۆ ماوەی 16 ساڵی دیکە بەسەردا سەپاوە. ئەگەر ناوبراو ماوەی زیندانییەکەی تەواو بکات لە تەمەنی 87 ساڵیدا گرتووخانە بە جێ دێڵیت و لە تەمەنی 104 ساڵیدا دەتوانێت بۆ ئەمریکا بگەڕێتەوە.
ئەمریکا کە بە بیانووی بەرگری لە ئازادی و دیمۆکراسی، شەو و ڕۆژ لە کاروباری وڵاتانی دیکەدا دەستێوەردانی هەیە، تەنیا لە سەر ئەم بڕیارەی دادگای سعوودیە نیگەرانی خۆیی دەربڕی. کوڕەکەی ناوبراو ڕایگەیاندووە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز و هەروەها وەزارەتی دەرەوەی ئەم وڵاتە دەستێوەردانیان لەم دۆسیەدا ڕەتکردووەتەوە و داوایان کردووە کە بە ئاشکرا لە سەر دۆسیەکەی قسە نەکرێت.
لە ڕاپۆرتەکەی واشنتن پۆستدا هاتووە کە ئیبراهیم بۆ هاندانی حکومەتی ئەمریکا بۆ ئازادیی باوکی هەوڵ دەدات، بەڵام ئێستا بێهیوا بووە و دەیەوێت خەڵکی ئەمریکا ئاگاداری ئەم دۆسیەی باوکی بن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوای لە کوڕەکەی مازی کردووە کە بە ئاشکرا لە سەر دۆسیەکەی قسە نەکات بەڵام ئەوە گومانی لەوە هەیە کە بێدەنگییەکەی بتوانێت ئازادیی باوکی دەستەبەر بکات. ناوبراو ڕایگەیاندووە کە حکومەتی ئەمریکا لە دۆسیەی باوکیدا لاواز دەرکەوتووە.
واشنتن پۆست ڕایگەیاندووە کە تا ئێستا بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە ڕیاز کۆبوونەوە و بەدواداچوونی ئەوتۆیان لە سەر ئەم دۆسیە نەبووە و تەنانەت چاویان بە گیراوەکەش نەکەوتووە.
کوڕەکەی مازی داوایکردووە کە دۆسیەی باوکی وەک گیراوێکی ئەمریکی لە وڵاتێکی دیکە کە بە زاڵمانە سزا دراوە سەیر بکرێت. ئەمەش وا دەکات دۆسیەکە ڕاستەوخۆ بۆ نووسینگەی نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان بنێردرێت کە شێوازی جۆربەجۆریان بۆ ئازادکردنی ئەو ئەمریکییانە هەیە کە زاڵمانە دەستبەسەر کراون.
ئەمە یەکەم جار نییە کە سعوودیە بە هۆی دەربڕینی بۆچوونی خەڵکەوە سزای وەها بە سەریاندا دەسەپێنێت. لە مانگی ئابی ڕابردووش، دادگایەکی سعوودی سەلما شەهاب خوێندکاری بەشی دکتۆرای لە بەریتانیا بە هۆی بڵاوکردنەوەی ژمارەیەک تویتەوە بە 34 ساڵ زیندان سزا دا و پاش تەواوبوونی ماوەی گرتنەکەشی بۆ هەمان ماوە قەدەغەی چوونەدەرەوەی بە سەردا جێبەجێ دەکرێت. بەم بۆنەوە سعوودیە بە هۆی درێژترین ماوەی سزادانی زیندان لە جیهان، دەبێت ناوی لە کتێبی گینسدا تۆمار بکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە میدیاکانی ڕۆژئاوا کە بانگەشەی بەرگری لە ئازادی و دیمۆکراسی دەکەن، هەواڵی زیندانیکردنی سەلما شەهابیان بڵاو کردەوە، بە بێ ئەوەی کە سەبارەت بە زاڵمانەبوونی ئەو سزایە شتێک بڵێن یان ئاماژە بە دۆسیەی ڕەشی مافی مرۆڤ لە سعوودیە بدەن. ئەمەش پیشان دەدات کە ڕۆژئاوا لە پرسی ئازادی، دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ سیاسەتێکی دووفاقیی هەیە و بەرژەوەندییەکانی بە سەر بنەما و پیرۆزییەکاندا زاڵ دەبینێت./.