سەردانەکەی شاندێکی بزوتنەوەی حەماس و لایەنەکانی دیکەی فەڵەستین بۆ دیمەشق لە پێناو پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ سوریا بووە، ئەو وڵاتەی کە لە سەرەتای داگیرکردنی فەڵەستین لە لایەن ڕژێمی زایۆنیستییەوە لایەنگری خۆڕاگری بووە و لەم بەرەیەدا ماوەتەوە.
سوریا بە پێی مێژووی پاڵپشتیی لە خەبات و جوڵانەوەی ئازادیخوازیی گەلی فەڵەستین، ڕۆڵی گرنگ و کاریگەری لە بەهێزبوون و بەرزبوونەوەی ئاستی خۆڕاگری فەڵەستین هەبووە و لە ڕاستیدا سوریا و فەڵەستین یەک چارەنووس و یەک دوژمنی هاوبەشیان بە ناوی ڕژێمی زایۆنیستی هەبووە.
سوریا سەرەڕای هەموو گوشارەکان، هیچ کات سیاسەتی سازشتی لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی نەبووە و بەردەوام فەڵەستینی بە دۆسیەی یەکەمی جیهانی ئیسلام ناو بردووە.
دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و بزوتنەوەی حەماس قەڵغانێکی زۆر گەورەتر و بەهێزترە لە بەرامبەر دەسدرێژی و تاوانە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر خاکی سوریا و فەڵەستین.
سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی فەڵەستین ڕایانگەیاندووە کە کۆبوونەوەی شاندە باڵاکەی لایەنەکانی فەڵەستین و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا لە دیمەشق، هەڵگری پەیامی زۆر گرنگ بۆ ڕژێمی زایۆنیستییە.
ئەو کۆبوونەوە پیشاندەری هەڵوێستی نەگۆڕی سوریایە لە پاڵپشتیکردنی سەرجەم لایەنەکانی فەڵەستین.
سەردانەکەی شاندەکەی حەماسیش بۆ سوریا پاش 10 ساڵ دابڕان، بەرهەمی هەوڵەکانی حزبوڵڵای لوبنان و کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکان لە نێوان بەشەکانی بەرەی خۆڕاگری.
سوریا بە کۆبوونەوەکەی دیمەشق ئەوەی سەلماندووە کە هەڵوێستی بۆ پاڵپشتی لە خۆڕاگری فەڵەستین و دژایەتی ڕژێمی زایۆنیستی، سەرەڕای شەڕی سەپێندراوی ناوخۆیی، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
ئەو کۆبوونەوە ترس و دڵەڕاوکێی خستووەتە نێو دڵی ڕژێمی زایۆنیستی. زایۆنیستەکان هیوایان بە ناکۆکی نێوان لایەنەکانی فەڵەستین هەبووە تا بتوانن درێژە بە تاوانەکانیان لە دژی خاک و خەڵکی فەڵەستین بدەن.
پتەوبوونی پەیوەندییەکانی نێوان سوریا و بزوتنەوەی حەماس لە بەرژەوەندی تەواوی بەرەی خۆڕاگری لە ناوچەکە دەبێت و سەرکەوتنی گرنگی لە فەڵەستین، لوبنان و یەمەن بە دواوە دەبێت و حەماسیش لە خەباتی دژ بە زایۆنیستەکان دەسکەوتی گەورە مسۆگەر دەکات./.