بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن مەخلوف وەزیری کاروباری خۆجێی و ژینگەی سوریا لە ڕێوڕەسمی کۆتایی پێنجەم کۆنفرانسی هاوبەشی سوریا و ڕووسیا بۆ بەدواداچوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان و پەنابەران جەختیکردەوە کە بەردەوامی داگیرکاری تورکیا و ئەمریکا بەدەر لە پێشێلکردنی سەروەری سوریا زیانی بە ژیانی خەڵکیش گەیاندووە.
ناوبراو وتی: حکومەتی سوریا و دامەزراوەکانی بەردەوام دەبن و سەرجەم هەوڵەکانیان لە پێناو باشترکردنی بژێوی ژیانی هاووڵاتیان بەکار دێنن و هانی ئاوارەکانیش دەدەن بۆ گەڕانەوە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دوژمنایەتی خۆیان کشاندووەتە کەرتی وزە و کارەبای سوریا.
ئەو وەزیرەی سوریا وتی: وڵاتانی ڕۆژئاوا درێژە بە پیلانگێڕییەکانیان دەدەن، ئەمریکا ڕۆژانە 66 هەزار بەرمیل (لە سەدا 80 ی وەبەرهێنانی ڕۆژانە) لە ناوچە داگیرکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی سوریا تاڵان دەکات.
مەخلوف وتی: داگیرکارانی تورکیا بەردەوام ئاوی خواردنەوەی بەشێک لە خەڵکی ئێمە لە پارێزگای حەسەکە دەبڕن و ڕێژەی ئاوی ڕووباری فۆراتیشی کەم کردووەتەوە و ئەمەش ڕاستەوخۆ زیانی بە ئاسایشی خۆراک، ژینگە و ژیانی کۆمەڵایەتی، ئابوری و ئاسایی هاووڵاتیان گەیاندووە.
ئەلکساندر لاورنتیف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیاش لەو کۆنفرانسەدا وێڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریا بۆ کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە، وتی کە خەڵک هێشتا بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و گەیشتن بە گەشەی بەردەوام ڕوبەڕوی کێشەی جیدی بوونەتەوە و مۆسکۆ بەنیازە بۆ زاڵبوون بە سەر ئەم کێشانەدا درێژە بە هاوکارییەکانی بۆ سوریا بدات.
لاورنتیف وتی: ئێمە بەردەوام لە گەڵ هاوپەیمانەکانمان کە پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکانن، کۆمەڵە هەنگاوێک بۆ بوژانەوە و بونیات نانەوەی ئابوریی ڕووخاوی سوریا و باشترکردنی دۆخی ژیانی هاووڵاتیانی جێبەجێ دەکەین.
ناوبراو وتی: واشنتن بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی داعش درێژە بە داگیرکاریی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا دەدات و هاوکاری گرووپە تیرۆریستییەکانی وەک دەستەی تەحریری شام و توندڕۆکانی ئیدلب دەکات./.