بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پسپۆڕی زانستی خۆراک ئاماژەی بە گرنگترین سوودەکانی خواردنی لالەنگی داوە کە بریتین لە:
1 – یارمەتی خۆپاراستن دەدات لە چەند جۆرە نەخۆشییەکی شێرپەنجە بە تایبەت شێرپەنجەی جگەر و مەمک بە هۆی بوونی بڕێکی زۆر لە ڤیتامین A و مادەی Beta Cryptoxanthin و مادەی لێمۆنین.
2 – بەهێزکردنی تەندرووستی دڵ و خوێنبەرەکان بە هۆی بوونی بڕێکی باش لە فلاڤینویدەکان کە دژە ئۆکسانێکی بەهێزن و کار لە سەر دابەزاندنی کۆلیسترۆڵی خەراپ و چەورییە سیانییەکان دەکات، بەمەش ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و جەڵتەی مێشک کەم دەکاتەوە.
3 – پاراستنی تەندرووستی چاو و بەهێزکردنی بینین و خۆپاراستن لە شەوکوێری و نەخۆشی پوکانەوەی هەندێک خانەی بیلبیلەی چاو لە بەساڵاچووەکاندا، لە بەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین A.
4 – دابەزاندنی ئاستی کۆلیسترۆڵی خەراپ و چەورییە سیانییەکان بە هۆی بوونی بڕێکی باش لەو مادە ڕیشاڵیانەی بە ئاسانی دەتوێنەوە.
5 – یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات لە بەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە کانزای پۆتاسیۆم.
6 – کەمکردنەوەی قەبزی و ڕێگری لێی و چالاککردن و کاراکردنی کۆئەندامی هەرس.
7 – یارمەتی دابەزینی کێش دەدات لە کاتی ڕێجیم لە گەڵ خۆپاراستن لە قەڵەوی بە هۆی بوونی بڕێکی زۆر لە ئاو و مادە ڕیشاڵییەکان و کەمکردنەوەی ئیشتیا و زوو برسی بوون.
8 – یارمەتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن دەدات بە هۆی بوونی بڕێکی زۆر لە مادە ڕیشاڵییەکان.
9 – کەمکردنەوەی قەلەقی و سترێس.
10 – پاراستنی تەندرووستی پێست و گەشبوونەوەی و ڕێگریکردن لە زوو پیربوونی پێست.
11 – بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری جەستە و خۆپاراستن لە پەتای وەرزی و هەڵامەت، لە بەر ئەوەی کە دەوڵەمەندە بە ڤیتامین C و دژە ئۆکسانەکانی دیکە و بەهێزکردنی ئێسک و پاراستنی لە شکاوی./.