بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر بەهرام عەینوڵڵاهی وەزیری تەندرووستی کۆماری ئیسلامی ئێران کە بەشداریی لە نۆیەمین کۆنفرانسی ڕێکخراوی جیهانی تەندرووستی لە وڵاتی میسر کردبوو، وتی: گەمارۆ زاڵمانە، تاکلایانە و نامرۆڤەکانەکانی ئەمریکا لە دژی کۆماری ئیسلامی ئێران کاریگەری نەرێنیی لە سەر کەرتی تەندرووستی هەبووە و بە تایبەت دەستخستنی پێداویستییەکانی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییە ڕاگوێزەکان سنوردار کردووە کە ئەمەش بە پێچەوانەی هاوکاریی نێوان سەرجەم وڵاتانە لە بواری تەندرووستیدا.
ناوبراو وتی: نزیکەی 33 مانگ بە سەر بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا تێپەڕ دەبێت، کۆرۆنا ئەوەی سەلماند کە هیچ کەس پارێزراو نییە، مەگەر ئەوەی کە هەمووان پارێزراو بن و ئەمەش پێویستی بە هاوکاری و پێکەوەبوونی سەرجەم وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانییە، لە وڵاتانی دەوڵەمەند تا دەگاتە وڵاتانی هەژار و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
وەزیری تەندرووستی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: بڵاونوونەوەی پەتای کۆرۆنا ئەوەی سەلماند کە کەرتی تەندرووستی لە وڵاتانی جیهان توانای سنورداریان هەیە و ئەمەش پێویستی بە پلان و ئامادەیی سەرجەم وڵاتان و کۆمەڵگا بە گشتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشە تەندرووستییە جیهانییەکان بە پێی پلانی گشتی سێزدەیەمی ڕێکخراوی جیهانی تەندرووستی هەیە.
دکتۆر عەینوڵڵاهی وتی: بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکانی وەک کۆرۆنا نەک تەنیا لە ڕووی تەندرووستییەوە، بەڵکوو لە ڕووی ئاشتی و ئاسایشەوە هەڕەشەیە لە سەر وڵاتانی جیهان و تەندرووستی و سەقامگیری پەیوەندی ڕاستەوخۆیان پێکەوە هەیە.
ناوبراو وتی: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوو پێشوازیی لە ملیۆنان پەنابەری ئەفغانستان کردووە و هاوکاری و یارمەتییەکانی خۆیی بەوان پێشکەش کردووە، بە شێوازێک کە پەنابەرانی نیشتەجێی ئێران سەرەڕای نەبوونی سەرچاوەی دارایی پێویست و نەبوونی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان، وەک هاووڵاتی ئێرانی دەستیان بە خزمەتگوزاری تەندرووستی و دەرمانی گەیشتووە. پێدانی زیاتر لە 3 ملیۆن و 400 هەزار ژەم ڤاکسێنی دژ بە کۆرۆنا بۆ پەنابەرانی ئەفغانستان لە هەنگاوە مرۆڤدۆستانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
وەزیری تەندرووستی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی کە ئێمە خۆمان پابەندی هاوکاری لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی تەندرووستی لە ناوچەکە و جیهان دەزانین./.