بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕێکخراوی ئۆپێک لە ساڵی 2016، لە پاش ئەزموونی دوو دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان کە زیانی زۆری وڵاتانی ئەندامی بە دواوە بوو، لە ئاکامی بڕیارێکی ئابوری – سیاسی لە گەڵ ژمارەیەک لە وڵاتانی وەبەرهێنەری نەوت لە دەرەوەی ڕێکخراوەکە و بە هاوئاهەنگی تایبەتی ڕووسیا و سعوودیە گەیشتنە بڕیاری دابەزاندنی ڕێژەی وەبەرهێنان کە لە ئاکامدا گەیشتە ڕێکخستنەوەی بازاڕ و کەمکردنەوەی زیانی وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی ئۆپێک، سیاسەتێکی هاوبەش کە لە لایەن ڕیاز و مۆسکۆ لە نێوان وڵاتانی ئەندام و نائەندامی ئۆپێک گیرایەبەر و بە ئۆپێک پڵەس ناوبانگی دەرکرد.
بە پێچەوانەی ئەو بۆچوونانەی لە سەر ئۆپێک پڵەس و بڕیارەکانی لە ساڵانی ڕابردوودا هاتووەتە پێشەوە کە تەنیا لە پێناو زیاترکردنی نرخی نەوت بڕیاری دابەزاندنی ڕێژەی وەبەرهێنان دەدات، هەندێک کاتیش پێشنیاری بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی داوە. بۆ نموونە، لە ساڵی 2018 ئۆپێک پڵەس بە بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت ڕێگریی لەوە کرد کە نرخی نەوت بۆ سەرو 75 دۆلار بەرز ببێتەوە تا نرخی زۆر نەبێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی خواست لە سەر کڕینی نەوت، واتە لە زۆربەی کاتەکاندا گرنگترین فاکتەری بڕیاردانی ئەم ڕێکخراوە کۆنتڕۆڵی ڕێژەی خواست لە سەر کڕینی نەوت بووە تا بەرزکردنەوەی نرخەکان.
لە ئێستادا کە کیشوەری ئەورووپا بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا و لێکەوتەکانی تووشی قەیرانی وزە بووە و ئەمریکاش زیاتر لە چاوەڕوانی و پلانە درێژخایەنەکانی خۆی کەڵکی لە نەوتی پاشەکەوتکراو وەرگرتووە، گرووپی ئۆپێک پڵەس بە بڕیاری تایبەتی سعوودیە و ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت تا 2 ملیۆن بەرمیلی ڕۆژانە کەم دەکاتەوە، ئەمەش لە کاتی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بڕیارێکی کەم وێنەیە و تا ڕادەیەک بەرزبوونەوەی نرخەکانی بە دواوە بووە. بڕیارەکە کاردانەوەی توندی وڵاتانی ئەروووپی و بەرپرسانی ئەمریکای بە دواوە بووە و بە هەنگاوێکی هاوبەشی ڕیاز و مۆسکۆ ناویان بردووە و تەنانەت هەڕەشەی وەڵامدانەوەشی دەکەن. سعوودیە بە هۆی دابەزینی ئاستی پاڵپشتی و هاوکارییەکانی ئەمریکا لە شەڕی یەمەن و ڕووسیا بە هۆی شەڕی ئۆکرانیاوە لە دژی ئەورووپا و ئەمریکا پەنایان بۆ بڕیارێکی وەها بردووە، ئەڵبەت ڕایانگەیاندووە کە بڕیارەکە ئابورییە و پەیوەندیی بە سیاسەتەوە نییە و تەنیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕە.
ئەگەر بڕیارەکە بە سیاسی نەزانین دەبێت ئەوەش بڵێین کە کاریگەریی لە سەر ئەورووپا و ئەمریکا دەبێت. لە یەکەم هەنگاودا پێگەی جۆبایدن و دیمۆکراتەکان لە هەڵبژاردنەکانی کۆنگرێس لە مانگی تشرینی دووەم لاواز دەکات و تەنانەت بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە داهاتوودا دەبێتە هۆی ئەوەی کە نرخی سووتەمەنی وەک بەنزین لە ئەمریکاش بەرز ببێتەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی گشتیی بەرامبەر بە حکومەتی دیمۆکراتەکان بە سەرۆکایەتی بایدن بە دواوە دەبێت و ڕەنگە کاریگەری لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکا دابنێت و لە ئەورووپاش دەتوانێت ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانی لە دژی وڵاتان بە دواوە بێت.
لە ئەورووپا کە قەیرانی کەمبوونی وزە و سووتەمەنی لە ماڵەکانەوە گەیشتووەتە کارگەکان و ژمارەیەکی زۆر لە کارگە و یەکە وەبەرهێنەرە بەناوبانگەکانی لە وڵاتانی ئەورووپی داخستووە یان بەرەو داخران بردووە، ئەم بڕیارەی ئۆپێک پڵەس دەتوانێت لە گەڵ قەیرانی وزە، بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەروەها بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاریی بە دواوە بێت، ئەویش لە کاتێکدا کە ڕووسیا هەڕەشەی ئەوەیکردووە لە بەرامبەر سزا و گەمارۆکانی وڵاتانی ڕۆژئاوا، گەمارۆی غازیی خۆی جێبەجێ دەکات و کۆی گشتی ئەم بڕیار و کردەوانە دەتوانێت لە ڕووی سیاسی شەڕی ئۆکرانیا و هەروەها لە ڕووی ئابوری و زیاتربوونی داهاتە نەوتییەکانی ڕووسیا لە سەردەمی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا و ئەورووپا کاریگەری هەبێت و لە لایەکی دیکەوە وا دەکات کە وڵاتانی ئەورووپی پەنا بۆ پاشەکەوتە نەوتییەکانی خۆیان ببەن و بەکاری بێنن و ئەمەش لە داهاتوودا دەتوانێت ڕێژەی سوود و داهاتی نەوتی سعوودیە بۆ فرۆشتنی ڕێژەیەکی زیاتری نەوت بەرز بکاتەوە.
ئەمریکا و بە تایبەت دیمۆکراتەکان بۆ ڕێگری لە کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە، هەوڵی ئەوە دەدەن یاسایەک پەسەند بکەن کە واشنتن ناچار بە کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی لە سعوودیە و ئیمارات و هەروەها سیستەمەکانی بەرگریی مووشەکی وەک پاتریۆت و تاد بکات. تۆم مالینۆسکی سیناتۆری ویلایەتی نیۆجرسی سەبارەت بەم یاسایە ڕایگەیاندووە کە ئەگەر سعوودیە و ئیمارات هەوڵی پاڵپشتیکردنی پوتین دەدەن، دەبێت بۆ بەرگری لە خۆیان ڕوو لە ڕووسیا بکەن نەک ئەمریکا.
ئەندامانی دیمۆکراتی کۆنگرێسی ئەمریکا هەروەها داوایان کردووە کە وڵاتەکەیان فرۆشتنی چەک بە سعوودیە ڕابگرێت و هەندێکی دیکە داوایان کردووە کە سعوودیە بە هۆی پێشێلکردنی مافی مرۆڤەوە ڕوبەڕوی لێپرسینەوە و سزا بکرێتەوە.
بایدن سەرۆک کۆماری ئەمریکاش فەرمانی بە وەزارەتی وزە داوە کە لە مانگی داهاتوودا 10 ملیۆن بەرمیل نەوت لە پاشەکەوتەکانی ئەم وڵاتە ئازاد بکات و هەنگاوی پێویست بۆ زیاترکردنی ڕێژەی وەبەرهێنانی نەوت بگرێتەبەر. سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەروەها داوای لە کۆمپانیا نەوتییەکانی وڵاتەکەی کردووە کە نرخی سووتەمەنی دابەزێنن تا خەڵک تێچووی زیاتری بەرنەکەوێت.
هەندێک زانیاریش باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا بە نیازە بە هەڵپەساردنی سزاکانی سەر کەرتی نەوتی ڤەنزوێلا ئەو دەرفەتە بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان بدات وەبەرهێنانی خۆیان لەم وڵاتەدا دەست پێبکەنەوە و وڵاتانی ئەورووپیش هەوڵی دۆزینەوەی جێگرەوەی نەوتی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس دەدەن، تەنانەت باس لە ئەگەری کڕینی نەوتی ئێران کراوە. ئەگەرچی بە هۆی سزاکانی ئەمریکاوە ڕەنگە ئەم بابەتە هێندە ئاسان نەبێت.
لە کۆتاییدا دەبێت بوترێت کە بەدەر لە ڕەهەندە سیاسییەکەی، وڵاتانی ئەندام لە ئۆپێک پڵەس بڕیارەکەی خۆیان بە دابینکردنی بەرژەوەندییە ئابورییەکان ناو دەبەن. لە لایەکی دیکەوە نرخی زۆر نزمی نەوت دەتوانێت کەمبوونی ڕێژەی سەرمایەگوزاریی لەم کەرتەدا بە دواوە بێت و ئەمەش لە داهاتوودا زیان بە وڵاتانی خاوەن وزەی نەوت دەگەێنێت. کۆی گشتی ئەم ئامانجانە وایکردووە کە لەم قۆناغە دژوارەی ئەورووپا و نیگەرانیی ئەمریکا، ئۆپێک پڵەس وەها بڕیارێک دەربکات./.