بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لەتیف ڕەشید ڕۆژی دووشەممە 17 ی تشرینی یەکەمی 2022 وەک سەرۆک کۆماری نوێی عێراق دەستبەکاربوو و شوێنی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری پێشووی ئەم وڵاتەی گرتەوە.
لەتیف ڕەشید لە وتارەکەیدا سوپاسی مەرجەعیەتی باڵای کرد و ڕێزی لە شەهیدانی عێراق گرت و جەختی لە سەر هەبوونی پەیوەندییەکی پتەوتر و باشتر لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ کردەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە دۆخی چەقبەستووی سیاسی لە یەک ساڵی ڕابردووی عێراق، وتی کە دەبێت حکومەتی نوێ لە زووترین کاتدا پێک بهێندرێت.
سەرۆک کۆماری عێراق وتی: بە هەموو هێزێکەوە پارێزەری دەستوور و یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی وڵات دەبم و لە چوارچێوەی دەستووردا بۆ ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا هەوڵ دەدەم.
لەتیف ڕەشید وتی کە عێراق بەرەو پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و هەروەها پەیوەندییەکی هاوسەنگ لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەنگاو دەنێت./.