بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی هەینی 14 ی تشرینی یەکەمی 2022، لە چاوپێکەوتنی لە گەڵ میوانانی بەشدار لە سی و شەشەمین کۆنفرانسی یەکڕیزی ئیسلامی لە تاران، وتی: لە ساڵانی داگیرکاریی عێراق، پاش ساڵی 2003، کۆمەڵە هەنگاوێکی سەیر و کەم وێنە لە لایەن ئەمریکاوە بۆ ئاژاوەگێڕی و دووبەرەکی لە نێوان شێعە و سوننەی ئەم وڵاتە بینرا.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران پاش ئاماژە بە چەند نموونەیەک لەو هەوڵانەی ئەمریکا بۆ ناکۆکی خستنە نێوان شێعە و سوننەی عێراق، وتی: لە یەمەن، سوریا، عێراق، ئەفغانستان، فەڵەستین، لوبنان و …. دەیان نموونە و هەوڵی دوژمن بۆ ناکۆکی خستنە نێوان موسڵمانان بینراوە.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە درێژەدا بە ئاماژە بە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی ئێران وتی: لایەنە دەرەکییەکان لە هەفتەکانی ڕابردوو هەوڵیان دا بە سوود وەرگرتنی خەراپ لە بابەتێکی ناوخۆیی ئێران، دەستێوەردان بکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەمان کاتژمێرە سەرەتاییەکانی پاش مردنی مەهسا ئەمینی لە گەڵ باوکی وتووێژی تەلەفوونیی کرد و فەرمانی بەدواداچوونی بۆ دەرخستنی ڕاستییەکان دەرکرد.
ناوبراو وتی: کێ بڕوا دەکات مردنی کچێک هێندە بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا گرنگ بێت؟ ئەگەر وایە، سەبارەت بە سەدان هەزار شەهید و کوژراو لە عێراق، ئەفغانستان، سوریا و لوبنان چییان کرد؟ ئەوان هەوڵیان دەدا کە ئێران شەڕی تائیفی ڕوو بدات.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: لە زاهیدان وێنەی مەهسا ئەمینی نەبوو، گرووپێکی تیرۆریستی دیاریکراو هەوڵی دەدا شەڕی شێعە و سوننە بکرێت و بەرپرسیاریەتی ئەوەشی لە ئەستۆ گرت، لە بەشێک لە کوردستانیش هەر ئەمەیان کرد بەڵام ووشیاری زانایانی سوننە و خەڵک، شکستی بە سەرجەم ئەو هەوڵانە هێنا.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: ئیمام خومەینی (رە) یادگارییەکی زۆری بۆ جیهانی ئیسلام بە جێهێشووە کە یەکێک لەوان هەفتەی یەکڕیزی شێعە و سوننەیە، وەک چۆن کە ڕۆژی جیهانی قودس یەکێکی دیکە لەو یادگارانەیە.
ناوبراو وتی: شانازی بەوە دەکەین کە سەرەڕای ئەو هەموو گوشارانەی دوژمن کە ڕوبەڕومان بووەتەوە، ئەو پاڵپشتییەی کە لە خۆڕاگری حەماس و جیهادی ئیسلامی لە فەڵەستین کراوە، لە خۆڕاگری شێعە و سوننە لە لوبنان و تەنانەت خۆڕاگری مەسیحییەکانی ئەو وڵاتەش هەبووە./.