بۆ یەکەم جار فیلمێک لە ئامادەبوونی باوکی مەهسا ئەمینی لە نەخۆشخانە و لە تەنیشت کچەکەی بڵاو کرایەوە. لەو فیلمەدا ڕوون کراوەتەوە کە لە هەمان یەک دوو ڕۆژی سەرەتایی بەرپرسێکی دەزگای داد داوا لە ئەمجەد ئەمینی باوکی مەهسا دەکات کە جەستەی کچەکەی ببینێت کە ئایا ئاسەوارێک لە لێدان لە سەر جەستەوەی ئەودا هەیە یان نە، کە باوکی بوونی هەر ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە ڕەتدەکاتەوە.
لێرەدا چەند خاڵێکی گرنگ دەبێت باس بکرێت، یەکەم ئەوەی کە کۆچی دوایی مەهسا ئەمینی بۆ هەمووان ڕووداوێکی تاڵ و دڵهەژێن بووە و بووە هۆی خەم و کەسەری تەواوی ئێرانییەکان و ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانیش لە وتارەکەی خۆیاندا ئاماژەیان پێدا و بەرپرسانی دیکەش وەک هەر سێ سەرۆکایەتییەکە جەختیان لە سەر بەدواداچوونی پێویست بۆ دۆسیەکەی کردەوە و ئەنجامی کۆتایی لێکۆڵینەوەکانیش لە لایەن پزیشکی دادی ئێرانەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە.
خاڵی گرنگ ئەوەی کە ئایا باشتر نەبوو باوک و بنەماڵەی مەهسا ئەمینی پاش کۆچی دوایی دڵتەزێنی کچەکەیان، لە هەمان سەرەتاوە لە جێی حاشاکردن و هەندێک بەلاڕێدابردن، ئەوەی کە لە فیلمەکەدا باسیان کردبوو، بڵاویان بکردایە؟ لە ئەگەرێکی وەهادا ڕەنگە بەشێک لەو ڕووداوانەی 20 ڕۆژی ڕابردوو نەدەبینرا و کەسانی دیکەش گیانیان لە دەست نەدەدا و بنەماڵەی زیاتریش تازیەبار نەدەبوون.
لەم ماوەیەدا ژمارەیەک لە هێزەکانی پارێزەری ئاسایشی وڵات و تەنانەت خەڵکیش زیانی گیانییان بەرکەوت، موڵک و ماڵی گشتی سووتێندرا، سووکایەتی بە پیرۆزییەکان کرا و دەیان نموونەی دیکە.
لەو ڕووداوە تاڵانەی دیکەش دەتوانین ئاماژە بە سووتانی پۆلیسێک لە لایەن ئاژاوەگێڕانەوە بدەین کە دڵی هەر مرۆڤێک دەهەژێنێت.
لەم نێوەندەدا میدیا بیانییەکان و میدیا بەکرێگیراوەکانی دوژمن، دۆسیەی مردنی مەهسا ئەمینییان کردە بیانوویەک و لەو ڕێگایەوە هانی خەڵکیان دا بۆ ئاژاوەگێڕی و تێکدانی دۆخی گشتی.
ئەم ڕووداوانەش کەشێکی بۆ گرووپە تیرۆریستییە جوداییخوازەکان هێنایە پێشەوە کە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئاژاوەگێڕی و ئاڵۆزکردنی دۆخی وڵات بە تایبەت لە ناوچە کوردنشینەکان بەکار هێنا.
ئێستا پرسیار لە بەڕێز ئەمجەد ئەمینی باوکی مەهسا ئەمینی ئەوەیە کە ئێوە لە هەمان ڕۆژی یەکەمەوە ڕاستییەکەتان دەزانی و لە گەڵ بەرپرسێکی دەزگای داد کچەکەتان بینی و درۆی دوژمنان و میدیاکانی بێگانە و دژبەری ئێرانتان بۆ ئاشکرا بوو کە باسیان لە لێدان و ئەشکەنجەی کچەکەتان دەکرد. ئایا باشتر نەبوو لە هەمان سەرەتاوە ڕاستییەکانتان باس بکردایە و ڕۆژانە لێدوانە دژ بە یەکەکانی ئێوە لە میدیاکانەوە بڵاو نەکرابایەوە؟
ڕەنگە بە ئاسانی نەتوانین ئەوە بڵێین کە تەنانەت ئەگەر ئەمجەد ئەمینی سەرجەم ڕاستییەکانی باس دەکرد، هیچ ڕووداوێک ڕووی نەدەدا، لە بەر ئەوەی کە هەندێک لەو کەسانەی کە ڕێکخەری ئاژاوەگێڕییەکان بوون باسیان لەوە کردووە کە مردنی مەهسا ئەمینی تەنیا بیانوویەک بووە. بەڵام ئەگەر بەڕێز ئەمجەد ئەمینی ڕاستییەکانیان باس دەکرد، دۆخەکە شەفاف دەبوو و خەڵک بە گشتی گومانیان لا درووست نەدەبوو و بە دڵنیاییەوە کە زۆربەی خوێنی هێزەکانی پارێزەری ئاسایشی وڵات نەدەڕێژرا.
هەر بۆیە گەلی ئێران مافی ئەوەیان هەیە لە بەڕێز ئەمجەد ئەمینی پرسیار بکەن کە ئەگەر کچەکەی ئێوە ئازیز بووە – کە بە دڵنیاییەوە هەر وا بووە – ئایا بۆ گیانی کەسانی دیکەش ئەم خەمخۆرییەتان هەیە؟/.