بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە سەر ئاستی جیهان بەردەوامە و بووەتە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهان و وەک چۆن کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانیش باسی دەکەن، ڕیشەی سەرەکیی هەڵئاوسان لە زۆربەی وڵاتان بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان لە ئاستی جیهان دەگەڕێتەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و پێداویستییە سەرەکییەکان پاش بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا خێرایی بە خۆوە بینی بەڵام بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکان پەیوەندی بە شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیاوە هەیە.
لە شوباتی ئەمساڵ شەڕی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکرد و بەم هۆیەوە کێشە کەوتە بەردەم دابینکردنی کاڵا و پێداویستییەکان و بەم هۆیەوە نرخەکان لە ئاستی جیهان بەرزبوونەوەی زۆریان بە خۆوە بینی، ئەم دوو وڵاتە لە سەدا 30 دانەوێڵەی پێویستی وڵاتانی جیهان دابین دەکەن و بە دوو گەورە وەبەرهێنەر لەم بوارانەدا دەناسرێن.
ئاژانسی بلۆمبێرگ ڕایگەیاندووە کە نرخی هەندێک کاڵای سەرەکی وەک گەنم و گەنمەشامی لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە سەدا 200 بەرزبوونەوەی تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ نرخی گەنمەشامی کە زیاتر وەک خۆراکی ئاژەڵان بەکار دێت ڕووی لە بەرزبوونەوەی زیاتر کردووە.
خۆراکی ئاژەڵان لە سەدا 70 کاریگەریی لە سەر نرخی بەرهەمە پرۆتینییەکان هەبووە و بەم هۆیەوە دەبینین کە نرخی گۆشتی سوور، مریشک، شیر و بەرهەمە پەیوەندیدارەکانی بە شێوازێکی بەرچاو تووشی گۆڕانکاری بووە.
جیهان لە دابینکردنی مادە خۆراکییەکان بەرەو قەیرانێک دەڕوات کە داهاتوویەکی ڕوونی بۆ پێشبینی ناکرێت، گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، گەرمبوونی زەوی و زیاتربوونی ژمارەی دانیشتووانی جیهان، کاریگەریی لە سەر ڕێژەی وەبەرهێنان داناوە و هاوسەنگیی نێوان خواستی کڕین و خستنەڕووی کاڵا و پێداویستییەکان تێکداوە.
بە هۆی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیاوە پاشەکەوتی مادە خۆراکییەکان کەم بووەتەوە و هەر قەیرانێکی دیکە دەتوانێت دانیشتووانی وڵاتانی جیهان بۆ دابینکردنی پێداویستییە خۆراکییەکان ڕوبەڕوی مەترسی جیدی بکاتەوە.
لەم نێوەندەدا سێ ڕێکار هەیە، یەکەم ئەوەی کە لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لە وەبەرهێنانی بەرهەمە کشتووکاڵییەکان زیاتر بکرێت و بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنان لە هەلومەرجە دژوارەکانی کەشوهەوادا بکرێتە ستراتیژێک و جێبەجێ بکرێت.
ڕێکاری دووەم ئەوەیە کە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان پلانێک دابڕێژن کە وڵاتان بە سەپاندنی باجی قورس، هەناردە سنوردار یان قەدەغە بکەن.
سێهەم ڕێکاریش ئەوەیە کە گرنگی کەرتی کشتووکاڵ بە بەرهەمە سەرەکی و پێویستەکان بێت تا باشترین و زیاترین کەڵک لە زەوییە کشتووکاڵییەکان وەربگیرێت./.