بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، یەکێک لەو بوارانەی کە بەردەوام لە پلانەکانی گەشەسەندنی ئێراندا جەختی تایبەتی لە سەر کراوەتەوە، بواری گەشتیاری و پیشەسازی دەستییە. لە کاتێکدا کە لە پلانی چوارەمی گەشەی هەمەلایەنەی ئێران بە دواوە گەشتیاری هەموو کات جێی گرنگی و بایەخی بەرپرسانی باڵای وڵات بووە بەڵام کەمتەرخەمی و گرنگینەدانی چەند کابینەیەک وایکردووە کە ئێران بەراورد بە وڵاتانی ناوچەکە لەم بوارەدا تووشی دواکەوتن ببێت. لە پلانی حەوتەم کە بەم دواییانە لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە ڕاگەێندراوە، جارێکی دیکە لە یەکێک لە بەشەکاندا باس لە پەرەپێدانی پیشەسازی گەشتیاری و پیشەسازی دەستی کراوە.
بە پێی ئامارەکانی بانکی جیهانی، وڵاتی تورکیا لە ساڵی 2019 (پێش دەستپێکردنی پەتای کۆرۆنا) گەیشتە داهاتی 41 ملیار دۆلاریی گەشتیاری، لە کاتێکدا کە داهاتی ئێران لەو ساڵەدا لە ڕێگای گەشتیارییەوە تەنیا 5 ملیار دۆلار بووە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێران لە ڕووی ئاسەوارە مێژووییەکانەوە پلەی دەیەمی جیهان و لە ڕووی ڕاکێشیگەلی گەشتیاریشەوە لە پلەی پێنجەمی جیهاندایە. بەراوردکردنی داهاتی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە لە ڕووی گەشتیارییەوە پیشان دەدات کە دەبێت گرنگییەکی تایبەت بە گەشتیاری و تایبەتمەندییەکانی بدرێت.
گرنگیدان بە گەشتیاری دەتوانێت گەشەی ئابوریی بە دواوە بێت، هەروەها دەتوانێت لە ڕێژەی بەسراوەیی بودجە بە داهاتی نەوت کەم بکاتەوە. هەروەها بە دابینکردنی هەلی کار دەتوانێت تا ڕادەیەک لە کێشەی بێکاری بە تایبەت بێکاریی گەنجان کەم بکاتەوە. گەشتیاری وەک زۆربەی چالاکییە ئابورییەکانی دیکە چەشنێک لە دان و ساندنە و هەرچی گەشەی زیاتری هەبێت، ئیش و کارە پەیوەندیدارەکانی دیکە دەخاتە جوڵەوە و ئەمەش وەک زنجیرەیەک دەتوانێت بەشەکانی دیکەی ئابوریی ئێران بخاتە ژێر کاریگەری خۆیەوە.
یەکێک لە باشترین تایبەتمەندییەکانی گەشتیاری ئەوەیە کە گەشەی بەردەوامی ئابوریی لەو ناوچانە بە دواوە دەبێت کە توانای ڕاکێشانی گەشتیاریان هەیە. هەر بۆیە دەتوانێت وەک باشترین پلانی گەشەی ئەو ناوچانە بێت کە لە ڕووی ئابورییەوە دواکەوتوون، تەنانەت لە ناوچە دوورەکانی وڵاتیش کە ئابوری بە هەر شێوازێک گەشەی نەکردووە. لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئامارەکان هەر چالاکی و پرۆژەیەکی گەشتیاری بە شێوازی مامناوەند بۆ 10 کەس هەلی کار دابین دەکات. لە زۆربەی وڵاتان، ڕێژەی ئەو داهاتەی کە لە ڕێگای گەشتیارییەوە دابین دەکرێت زیاترە لە کۆی گشتی ئەو داهاتانەی لە ڕێگای وەرگرتنی باجەوە دابین دەکرێت.
کابینەی سێزدەیەمی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هەستکردن بەم گرنگییە، گەشەی پیشەسازی گەشتیاریی خستووەتە ڕیزی پلان و بەرنامە ستراتیژییەکانی خۆی و بۆ گەیشتن بەم ئامانجەش هەوڵەکانی چڕ کردووەتەوە.
پلانی حکومەت بۆ ڕاکێشانی گەشتیاران
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لەم ماوەیەدا سەردانی مۆزەخانەی نیشتمانیی ئێرانی کرد و لە میانەی وتارێکی بۆ وەزیر و بەڕێوەبەرانی باڵای وەزارەتی گەشتیاری، جەختی لە سەر مسۆگەربوونی 15 ملیۆن گەشتیاری بیانی لە ساڵدا کردەوە و وتی کە پلانی گەشتیاری بنەماڵەیی، هەڵگرتنی ڤێزەی گەشتیاری لە گەڵ چەندین وڵات، ئاسانکاری بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکان و چەند ڕێوشوێنێکی دیکە لەم بوارەدا بە چڕی کاری لە سەر دەکرێت.
ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی جەختی لە سەر گرنگی گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری کردەوە و وتی: گەشەی پیشەسازی گەشتیاری، ئابوریی ئەم کەرتە چالاک دەکات و لە گەڵ داهاتی بەرچاو و دابینکردنی هەلی کار، کاریگەری ڕۆشنبیری و کەلتوری زۆریشی هەیە.
پشکی گەشتیاری لە داهاتی وڵات
بە پێی دوایین ئامارەکان، پشکی گەشتیاری لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی ئێران لە ساڵی 2019 و پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، لە سەدا 6.6 بووە کە ئەم ڕێژەیە لە وڵاتی تورکیا لە سەدا 11 بووە. بە پێی ئامارەکانی بانکی جیهانی کۆی گشتی پشکی ئابوریی گەشتیاری لە وەبەرهێنانی ناوخۆیی ئێران تا ساڵی 2028 دەگاتە 313 هەزار ملیار تمەن.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کەرتی گەشتیاری ئێران، گەشتیاری تەندرووستییە. بە پێی تواناکانی ئێران و ستانداردە جیهانییەکان، بە هاتنی هەر گەشتیارێکی تەندرووستی 2400 دۆلار داهات بۆ وڵات مسۆگەر دەبێت. وێڕای ئەوەی کە گەشتیارانی تەندرووستی دەتوانن کەڵک لە بوارەکانی دیکەی گەشتیاری ئێرانیش وەربگرن، بە واتایەکی دیکە، بەدەر لە وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی، شوێنە گەشتیارییەکان، مۆزەخانەکان و ئاسەوارە مێژووییەکانی ئێرانیش بەسەردەکەنەوە./.