بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە وتووێژێک لە گەڵ ڕادیۆی NPR ی ئەمریکی کە لە میانەی سەردانەکەی ناوبراو بۆ نیۆیۆرک کرابوو، جەختیکردەوە کە ئێران ئەو شوێنە نییە کەسێک بتوانێت کودەتا یان شۆڕشی نەرم بکات.
ناوبراو وتی کە ئێمە لە ئێران گوێ لە داواکارییە ڕەواکانی خەڵک دەگرین بەڵام لە نێوان ناەڕەزایەتی و ئاژاوەگێڕی جیاوازییەکی زۆر هەیە و لە گەڵ ئەوانەی کە هەوڵی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ڕەوشی ناوخۆیی ئێران دەدەن و لە دەرەوەی وڵات فەرمان وەردەگرن، بە پێی یاسا هەڵسووکەوت دەکەین.
ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتی: زیاتر لە 28 ملیۆن ئێرانی بۆ ئیدانەکردنی ئاژاوەگێڕییەکان و بۆ پاڵپشتی لە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕژانە سەر شەقامەکان، بەڵام میدیاکانی ڕۆژئاوا ئەم هەموو خەڵکەیان نەبینی و ئەو ژمارە زۆر کەمە کە دێن و ئاژاوەگێری دەکەن لای ئەوان دەنگدانەوەی دەبێت./.