بوونی ئەمریکییەکان و بنکە سەربازییەکانی ئەوان لە چەند ناوچەیەکی داگیرکراوی سوریا ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵکی بە دواوە بووە، ئەوان دەڵێن کە هێزەکانی ئەمریکا سەرچاوەی ئاڵۆزی و ناسەقامگیرین. ئەمریکییەکان بوونەتە کێشە بۆ خەڵکی ناوچەکە و بەردەوام ئەوان دەکەنە ئامانج و ئەمەش بە لای هێزەکانی خۆڕاگری خەڵکەوە قبووڵکراو نییە و وەڵام دەدرێتەوە.
لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سوریا، بە تایبەت لە کێڵگەی نەوتیی ئەلعومەر، زەنگی ئاگادارکردنەوە بەردەوام دەبیسترێت. بەئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکان پەیامێکی ڕوونی بۆ ئەمریکییەکان بە دواوەیە و بەوان دەڵێت کە هیچ ڕێگایەک بۆ دەربازبوون لەم هێرش و مووشەک و ڕۆکێتانە نییە، چارەسەر تەنیا پاشەکشەیە لە خاکی سوریا.
لە سەرەتای ئەمساڵەوە هێرشی دژ بە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا ڕووی لە زیادبوون کردووە و گەیشتووەتە تەنف و حەسەکە. ئەمەش بووەتە هۆی جێگیرکردنی سیستەمی دژە درۆنی ئەمریکییەکان لە نزیک تەنف، هەروەها چاودێرییەکانی ئەوان لە ئاسمانی حەسەکەش زیاتر بووە.
ئەمریکییەکان هەروەها هێزی زیاتریان لە بنکەی ئەلعومەر و کۆنیکۆ جێگیر کردووە تا ڕێگری لە هێرشی هێزەکانی خۆڕاگری بکەن و هاوکێشەکانی شەڕ بگۆڕن بەڵام سەرجەم ئەم پلانانە سوودی نەبووە، لە مانگی ئاب 5 هێرشی مووشەکی بۆ سەر بنکەی ئەلعومەر تۆمار کراوە. ئەم هێرشانە لە مانگی ئەیلولیش بەردەوام بووە و تا ئێستا 3 جار هێرش کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا.
گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییە لە نزیک دەیرەزۆر سیناریۆکانی داهاتووی ناوچەکە بە گشتی دیاری دەکات، بە تایبەت کە ئەمریکا بنکەی سەربازی خۆیی لە گرنگترین کێڵگەی نەوتیی سوریا جێگیر کردووە، ئەم بنکە سەربازییە ژووری عەمەلیات، فڕۆکەخانە، 12 کۆپتەری شەڕکەر و ژمارەیەک درۆن و فڕۆکەی سیخوڕیی هەیە.
ژمارەیەک لە هێزەکانی فەرەنسا و بەریتانیاش لەم بنکە سەربازییەدا جێگیر کراون و پلانی پەرەپێدانیشی جێبەجێ کراوە. مەترسیدارترین بابەتی پەیوەندیدار بەم بنکە سەربازییەوە، بوونی گرتووخانەیەکە کە دەیان سەرکردە و ئەندامی داعشی تێدایە و بەردەوام تیرۆریستانی داعش لە ئەلشەدادی و حەسەکەش بۆ ئەم شوێنە دەگوازرێنەوە. ئەمریکییەکان تیرۆریستانی داعش لە ناوچە بیابانییەکانی سوریا ئازاد دەکەن تا ڕوبەڕوی سوپای ئەم وڵاتە و هاوپەیمانەکانی ببنەوە. ئەمەش هۆکاری هەبوونی ئەم بنکە سەربازییەمان زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوە.
کێڵگەی نەوتیی ئەلعومەر و وەبەرهێنانی نەوتی خاو لەم کێڵگەیە، سەرجەم پڕوپاگەندەی درۆی ئەمریکییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ئاشکرا دەکات. بەرەنگاربوونەوەی داعش بیانوو و درووشمێکە کە ئەمریکییەکان بۆ کردنەوەی بنکە سەربازییەکانیان لە کێڵگە نەوتی و غازییەکانی سوریا باسی دەکەن.
ئەوەی کە ڕوو دەدات دزیکردن و تاڵانچێتی ئاشکرایە. زیاترکردنی هێرشەکان لە دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و دەرکردنی هێزەکانی بێگانە بووەتە خواست و ئەرکێکی نیشتمانی لەم وڵاتە. دەبێت سەرجەم کێڵگە نەوتی و غازییەکان بۆ ژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بگەڕێتەوە، هەروەها دەبێت ئەو گرنگترین بنکەش کە ڕۆڵی لە هاوکاریکردن و پاڵپشتیکردنی داعشدا هەیە بکرێتە ئامانج.
بۆردومانی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا بە تایبەت بنکەی سەربازیی ئەلعومەر ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانی خۆیی مسۆگەر کردووە. لە ڕاستیدا ئەمە خاڵێکی وەرچەرخانە لە هاوکێشەکانی شەڕەکەدا و هاوکێشەی نوێش بە دوای خۆیدا دێنێت کە ئەنجامەکەی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و بێگانەکانی دیکە لە سوریا دەبێت./.