بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وتەبێژی فەرماندەیی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاندووە کە 5 ملیۆن زیارەتکاری بیانی بەشدارییان لە ڕێوڕەسمی ئەمساڵی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) کردووە. ساڵی 2020 ژمارەی زیارەتکاران 16 ملیۆن و 327 هەزار و 542 کەس بووە. ساڵی 2018 نزیکەی 15 ملیۆن و 332 هەزار زیارەتکار سەردانی کەربەلایان کرد. ساڵی 2017 ئامارەکە 13 ملیۆن و 874 هەزار و 818 کەس بووە و ساڵی 2016 نزیکەی 11 ملیۆن و 210 هەزار زیارەتکار بووە.
عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق سەرکەوتنی پلانی ئەمنیی پاراستنی زیارەتکارانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) ی ڕاگەیاند. بەشی میدیایی مەزارگەی پیرۆزیش نزیکەی 500 کارتی بۆ پەیامنێرانی بیانی دەرکردبوو کە ئەمەش پیشاندەری گرنگیپێدانی ڕێوڕەسمی ئەربەعینە لە لایەن میدیا جیهانییەکانەوە.
وەزارەتی ئەربەعین لە عێراق؟
سەرۆک وەزیران و وەزیری ناوخۆی عێراق لە میانەی بەسەرکردنەوەی شاری کەربەلای پیرۆز بە بۆنەی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع)، سەرەڕای ئەوەی کە پێشوازیی وڵاتەکەیان لە زیارەتکارانی ناوخۆیی و بیانی بە گرنگ ناو برد، دانیان بەوەشدا نا کە ژێرخانەکانی عێراق بۆ ئەم ڕووداوە گرنگ و گەورەیە بەس نییە. مستەفا کازمی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ بەرپرسانی پارێزگای کەربەلا ڕایگەیاند کە ژێرخانەکانی عێراق بە تەواوی لە سەرجەم شار و ناوچەکان دابین نەکراوە. عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق و سەرۆکی لێژنەی باڵای دابینکردنی ئاسایشی زیارەتی ئەربەعین لە کاتێکدا کە سەرکەوتنی پلانە ئەمنییەکەی ئەمساڵی ڕاگەیاند، وتی کە ڕووداوی هاوتووچۆی گیان لە دەستدانی 14 زیارەتکاری ئێرانی لە پارێزگای بابل بووەتە هۆی خەم و ئازاری عێراقییەکان. ئەڵبەت ئەمە تەنیا بەشێکە لە کەمکوڕیی ژێرخانەکانی عێراق بە تایبەت سەبارەت بە ڕێکخستنی ڕێگای ڕێپێوانی ئەربەعین کە بە گشتی لە لایەن عێراقییەکان و بە تایبەت هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە بەشێک لەو کەموکوڕییانە چارەسەر دەکرێت. بەم هۆیەوە چالاکوانانی عێراق ڕایانگەیاندووە کە دەبێت لە حکومەتی ئەم وڵاتەدا وەزارەتیک تایبەت بە ڕێوڕەسمی جیهانیی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) هەبێت.
مەیسەم زەیدی فەرماندەی فەوجی عەباس بە ئاماژە بە ڕێوڕەسمەکەی ئەمساڵ وتی کە ئەم ڕێوڕەسمە پێویستی بە دەستەیەکی باڵا یان وەزارەتێک بۆ ئامادەیی ساڵانە و بەڕێوەبردنی شیاو هەیە. ناوبراو بە ئاژانسی ئەلفۆراتی ڕایگەیاند کە ئەربەعینی ئەمساڵ کە لە پاش تێپەڕاندنی قەیرانی کۆرۆنا بووە، بە گەورەترین ڕووداوی چەند ساڵی ڕابردووی عێراق هەژمار دەکرێت و لە چەند مانگی ڕابردوو کۆبوونەوەکان بە ئاراستەی بەڕێوەچوونی شیاوی ڕێوڕەسمەکە و پێشوازیی باشتر کە زیارەتکاران کراوە.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە لە ڕووی ئەمنییەوە پلانێکی تۆکمە بۆ پاراستنی گیانی زیارەتکارانی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) جێبەجێ کرا، بە تایبەت ئەوەی کە لە کامێرای حەراری کەڵک وەرگیرا و شەو و ڕۆژ چاودێری ڕێگاکانی دەکرد، ئەو کامێرانە ناوچەیەکیان بە درێژایی 70 کیلۆمەتر و پانتایی 10 کیلۆمەتر دەگرتەبەر و وێنەکانی ڕاستەوخۆ دەدرایە ناوەندی پرۆسەکانی کەربەلا، ئەم پرۆژەش پاڵپشتییەکی زۆر باش بۆ هێزە ئەمنییەکان بووە.
هەروەها فڕۆکەخانەی نەجەف ناوی ئەو وڵاتانەی بڵاو کردەوە کە زۆرترین گەشتیان بۆ گواستنەوەی زیارەتکاران هەبووە، ئێران، وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریکاری کەنداوی فارس و لوبنان. سەرچاوە عێراقییەکان ڕایانگەیاندووە کە لە 80 وڵاتی جیهانەوە ئەمساڵ زیارەتکار هاتووەتە کەربەلا و پاراستنی ئاسایشی ئەم ڕێوڕەسمە گەورەش بابەتێکی زۆر گرنگە کە شارەزایان باسیان کردووە.
حەشدی شەعبی، سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکانی ئەم وڵاتە چەند ڕۆژ پێش ئەربەعین چەند گرووپێکیان لە تیرۆریستانی داعش و پاشماوەکانی بەعس دەستبەسەر کرد. هێزەکانی حەشدی شەعبی بە پێی زانیارییە هەواڵگرییەکان 44 کەسیان لە تیرۆریستان و کەسانی توندڕۆ بە پێی بڕیاری دادگا دەستبەسەر کرد. دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانەش لە 7 پارێزگای کەربەلا، نەجەف، بەغدا، بەسرە، دیوانیە، بابل و دیالە بووە. لە گەڵ دەستبەسەرکردنی ئەو تۆمەتبارانەش بە هەزاران بڵاوکراوە لە دژی بنەما ئائینییەکان و لە پێناو تێکدانی ئاسایش و ئارامیی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) دەستی بە سەردا گیرا. لە ڕۆژی چلەش هێزە ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیەک لەو کەسانەیان دەستبەسەر کرد کە بە هەر شێوازێک ویستی ئاژاوەگێڕی و تێکدانی ڕێوڕەسمەکەیان هەبوو.
لە لایەکی دیکەوە باڵیۆزی ئێران لە عێراق پەیامێکی دەستخۆشیی لە گەل و حکومەتی ئەم وڵاتە بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە زمان ناتوانێت وەسفی ئەو هەبوو بەخشندەی و میواندارییەی عێراقییەکان بکات و تەنیا داوا لە خودای گەورە دەکەین ئەم دیارییە لە گەلی عێراق وەربگرێت.
سەید حەسەن نەسروڵڵا ئەمینداری گشتی بزوتنەوەی حزبوڵڵای لوبنانیش ڕایگەیاند کە ڕێوڕەسمی ئەربەعین لە ڕووی بەربڵاوی و ژمارەی بەشداربووانەوە لە جیهاندا هاوتای نییە و بەڕێوەچوونی وەها ڕێوڕەسمێک وەک موعجیزەیە و سەرجەم پیلانەکان بە تایبەت ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکانیش لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە ڕێگری لە بەڕێوەچوونی بکات.
ناوبراو وتی کە 20 ملیۆن زیارەتکار، بە واتای 20 ملیۆن دڵی عاشقە کە بۆ ئیمام حوسێن (ع) لێدەدات و خەڵک لەم هەموو میوانداری و دۆستایەتییەی گەلی عێراق بۆ ئیمام حوسێن (ع) تووشی سەرسوڕمان دەبێت و ئەوان لە هەموو چین و توێژێکەوە خزمەتی زیارەتکارانیان کردووە بەڵام میدیاکانی جیهان هەموو ئەمانەیان لە بەرچاو نەگرتووە.
کەناڵی جزیرە: لێرە زەریایەک لە خەڵک دەبینرێت
کەناڵی جزیرەی قەتەر لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) لە کەربەلای پیرۆز، ڕایگەیاند کە ساڵانە بە ملیۆنان کەس لە زیارەتکاران بە بۆنەی بەشداری لەم ڕێوڕەسمەدا سەردانی کەربەلا دەکەن و لێرە زەریایەک لە خەڵک دەبینرێت.
کەناڵەکە ڕووداوی ئەربەعینی بە یەکێک لە ڕووداوە ئائینییە ساڵانەکانی جیهان ناو برد و بە ئاماژە بە سنورداربوونی سەردانیکردنی کەربەلا لە ساڵانی ڕابردوو بە هۆی پەتای کۆرۆناوە، ڕایگەیاند کە زیارەتکاران بە بێ هیچ تێچوویەک خزمەتگوزاری لە لایەن خەڵکی عێراقەوە وەردەگرن و ڕەنگە ئەمە لە کەمتر وڵاتێک ببینرێت./.