بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بزوتنەوەی خۆڕاگریی ئیسلامیی فەڵەستین (حەماس) لە بەیاننامەیەکدا وێڕای ئیدانەکردنی هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ خاکی سوریا و جەختکردنەوە لە سەر گرنگی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئەم وڵاتە، داوای یەکڕیزی ئیسلامیی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنی زایۆنیستی کرد.
لە بەیاننامەکەی حەماسدا هاتووە کە هێرشە بەردەوامەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سوریا بە تایبەت بۆردومانی ئەم دواییەی فڕۆکەخانەکانی دیمەشق و حەلەب ئیدانە دەکەین و پاڵپشتی خۆمان بۆ وڵاتی ئازیزی سوریا لە بەرامبەر ئەم دەسدرێژییانە ڕادەگەێنین.
حەماس بە بۆنەی پاڵپشتی لە گەلی فەڵەستین و داواکارییە ڕەواکانی، سوپاسی گەل و حکومەتی سوریای کردووە و ڕایگەیاندووە کە هیوادارە ئەم وڵاتە پێگەی عەرەبی و ئیسلامیی خۆی بە دەست بێنێتەوە.
بزوتنەوەی حەماس هەروەها پاڵپشتی خۆیی بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاک و گەلی سوریا دووپات کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕژێمی زایۆنیستی پێویست بە یەکڕیزی عەرەبی و ئیسلامی دەکات و بۆ ئەمەش ئێمە لەوپەڕی ئامادەییداین./.