بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوە فەرمییەکانی ئەرمینیا هەواڵی وتوویژی تەلەفوونیی سەرۆک وەزیرانی ئەم وڵاتە و سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیان ڕاگەیاند، ئەو وتووێژەش لە پاش شەڕ و پێکدادانی شەوی ڕابردووی نێوان هێزەکانی ئەرمینیا و کۆماری ئازەربایجان بووە.
ئاژانسی فەرمی ئەرمینیا ڕایگەیاند کە نیکۆل پاشینیان ڕۆژی سێ شەممە لە گەڵ ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتووێژی کردووە.
بە وتەی نووسینەی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیا، ئایەتوڵڵا ڕەئیسی لەو وتووێژەدا ڕایگەیاندووە کە شەڕ و ئاڵۆزیی نوێ لە ناوچەی قەوقازی باشور قبووڵکراو نییە.
لە ڕاگەێندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئەرمینیادا هاتووە کە سەرۆک کۆماری ئێران جەختیکردووەتەوە سەرجەم ئاڵۆزییە ناوچەییەکان دەبێت بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێن و هەڵوێستی تاران لە بەرامبەر پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵاتان بە تەواوی ڕوونە.
سەرۆک کۆماری ئێران هەروەها جەختی لە سەر ئەوە کردووەتەوە کە ڕێگاوبانەکان نابێت مەترسییان لە سەر بێت و دەبێت لە ژێر دەسەڵاتی وڵاتاندا بێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختی لە سەر گرنگی پاراستنی ئاشتی لە ناوچەکە کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە پرسی ئاسایشی ئەرمینیا بۆ ئێران گرنگە./.