بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و ژمارەیەک لە بەرپرسان و ئەندامانی باڵای ئەم بزوتنەوەیە کە بۆ وتووێژ لە گەڵ بەرپرسانی باڵای ڕووسیا سەردانی مۆسکۆیان کردووە، ڕۆژی دووشەممە 12 ی ئەیلولی 2022 لە گەڵ کازم جەلالی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕووسیا کۆبوونەوە.
شاندەکەی حەماس لەو کۆبوونەوەدا دوایین ڕەوشی سیاسی و مەیدانیی فەڵەستین و زیاتربوونی تاوانە دڕندانەکانی ڕژێمی زایۆنیستیی لە ناوچە داگیرکراوەکان تاوتوێ کرد.
سەردانەکەی هەنیە و شاندەکەی حەماس بۆ مۆسکۆ لە سەر بانگهێشتی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بووە. شاندەکە پێکهاتووە لە ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسی، ساڵح عاروروی جێگری سەرۆکی مەکتەبی سیاسی، موسا ئەبومەرزوق و ماهر سەلاح لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی.
شاندەکە لە گەڵ سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبووە و ناوبراو جەختی لە سەر گرنگی زیندووکردنەوەی یەکڕیزی نیشتمانیی فەڵەستین لە ژێر ناوی سیاسی ڕێکخراوی ئازادیخوازی فەڵەستین کردەوە.
شاندەکەی حەماس هەروەها لە گەڵ میخائیل بوگدانۆف جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیاش کۆبووە./.