بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فەریق محەممەد باقری سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕایگەیاند: لە چەند مانگی ڕابردوو سوپای تیرۆریستی ئەمریکا هەوڵی ئەوەیداوە بۆشایی پاشەکشەی خۆی و گەڕاندنەوەی کەشتییە فڕۆکەهەڵگرەکان لە کەنداوی فارس و زەریای عۆمان، لە ڕێگای پەیوەندیی ڕژێمی زایۆنیستی و سوپا منداڵکوژەکەیەوە بە سنتکۆم قەرەبوو بکاتەوە.
ناوبراو وتی: ئەمەش بە واتای ئەمەیە کە بە تێڕوانینی ئێمە توانا سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەدرێنە ڕژێمی داگیرکاری زایۆنیستی و ئەمەش وەک هەڕەشەیەک لە سەر وڵاتی ئازیزی ئێمە دادەنرێت.
فەریق باقری وتی: ئێمە بەدەر لە ڕاگەیاندن و هۆشداریی فەرمی و گەیاندنی پەیام لە ڕێگای وەزارەتی دەرەوە بۆ ئەو وڵاتانەی میوانداری و پێشوازی لە هێزەکانی سوپای ئەمریکا دەکەن، بە زیاترکردنی ئامادەبوونی خۆمان و هەروەها گەشت و چالاکییە ئاسمانی و دەریاییەکان و ئیش و کاری هەواڵگری و ئەنجامدانی نمایشە جۆربەجۆرە سەربازییەکان لە ئاستی دەریایی، مووشەکی، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و …. ئامادەیی و هۆشداریی خۆمان ڕاگەیاندووە و بەردەوامیش دەبین.
سەرۆک ئەرکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئامۆژگاری برادەرانە و هەمیشەیی ئێمە بۆ وڵاتانی دراوسێ، برایەتی و هاوکارییە بۆ دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە بە شێوازی ناوخۆیی بە بێ بوونی بێگانەکان./.