بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، کۆشکی هەشت بەهەشت بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئەسفەهان هەژمار دەکرێت. جوانکارییەکانی ئەم کۆشکە لە سەردەمی سەفەوییەکان هێندە هونەرمەندانە و جوان و ڕازاوە بووە کە سرنجی هەر گەشتیارێکی ڕاکێشاوە. ئەم کۆمەڵەیە ئەمڕۆ کەوتووەتە شەقامی باخی گوڵدەستە و بە جوانییەکانی خۆی وەک یەکێک لە جوانترین کۆشکەکانی ئێران دەناسرێت.
ئەم کۆشکە بە ناوەکانی دیکەش وەک هەشت بە هەشت و هەشت لە بەهەشت دەناسرێت. ساڵی 1934 ی زائینی بە ژمارە 227 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێراندا تۆمار کراوە.
مێژووی کۆشکی هەشت بەهەشت
درووستکردنی کۆشکی هەشت بەهەشتی ئەسفەهان لە ساڵی 1080 ی کۆچی مانگی و هاوکات لە گەڵ سێهەم ساڵی پاشایەتی شا سولێمانی سەفەوی کۆتایی هاتووە و نموونەیەک لە جوانترین و بەناوبانگترین کۆشکەکانی ئەو سەردەمە بووە. میرزا محەممەد تاهیر نەسرئابادی لە گێڕانەوەی خۆیدا ناوی زیاتر لە هەزار شاعیری سەردەمی سەفەوییەکانی زیندوو کردووەتەوە و لە سەر ئەم کۆشکەش شیعرێکی هەبووە کە لە زۆربەی بەشەکانیدا ئاماژە بە ساڵی 1080 وەک ساڵی کۆتایی هاتنی درووستکردنی دراوە.
بینای هەشت بەهەشت لە سەردەمی ناسرەدین شای قاجاڕ و حکومەتی زەلئەلسوڵتان لە ئەسفەهان کرایە قوتابخانەی هۆمایۆنی.
کۆشکی هەشت بەهەشت لە ڕووی بیناسازییەوە
ئەم بینایە 30 مەتر درێژی و زیاتر لە 35 مەتر پانتایی هەیە، لە ئاستی باخی تەنیشتییەوە دوو مەتر بەرزە و لە ڕێگای دوو قادرمەوە لە زەوی جیا کراوەتەوە. پاشان هەیوانێکی بە دوو ئەستوونی بەرزەوە هەیە. شوێنێک بۆ وەرگرتنی تیشکی خۆر لە بیناکەدا لە بەرچاو گیراوە. دەرگاکانی هۆڵی سەرەکی دەگەنە ئەو ژوورانەی کە لەو سەردەمەدا تەنیا بۆ پێشوازی لە ژنەکان بووە.
ژوورەکانی نهۆمی یەکەم بە نەخش و نیگاری جوان ڕازاونەتەوە. لە نهۆمی دووەمدا کۆمەڵە جوانکارییەکی پێ زیاد کراوە. ئەم نهۆمە بە سەر چەند ڕێڕەو و ژوورێکدا دابەش کراوە کە هەر یەک جوانکاری تایبەت بە خۆیان هەیە. لە هەندێک حەوز و لە هەندێکی دیکە شوێنی گەرمکەرەوەی سەر دیوار لە بەرچاو گیراوە. دیوارەکانیش زۆربەیان بە ئاوێنە داپۆشراون.
چواردەوری بیناکە لە بەشی دەرەوە بە بەردی جوان داپۆشراوە و لە ناوەڕاستی ئەمەشدا ڕێڕەوێک بۆ ئاو کراوەتەوە کە ئاوە زیادەکان دەباتە دەرەوە. حەوشەی بیناکە بە دار و درەختە بەتەمەنەکانەوە جوانییەکی دیکەی پێداوە.
ئەم بینایە کەوتووەتە پارکی شەهید ڕەجایی لە شەقامی باخی گوڵدەستە. سەردانیکردنی ئەم پارکە هیچ تێچوویەکی نابێت و دەتوانن بەشی دەرەوەی کۆشکەکە ببینن. بەڵام سەردانیکردنی بەشی ناوەوەی کۆشکی هەشت بەهەشت نرخی هەیە کە ئەوەش بۆ گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی جیاوازە./.