بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئالی سانی وەزیری دەرەوەی قەتەر جەختی لە سەر گرنگی سەقامگیری بازاڕی وزە بۆ وڵاتەکەی کردەوە.
ناوبراو وتی کە بۆ پاڵپشتی لە سەقامگیریی بازاڕی وزە، سەرمایەگوزاری لە بواری وەبەرهێنانی گازی سرووشتی زیاتر دەبێت.
وەزیری دەرەوەی قەتەر وتی کە سەقامگیری بازاڕی وزە بۆ دەوحە گرنگە و ئێمە لە ڕێگای سەرمایەگوزاری زیاتر بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی گازی سرووشتی لەم پێناوەدا هەنگاو دەنێین.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕووسیا بەوە تۆمەتبار دەکەن لە گازی سرووشتی وەک چەکێک لە شەڕی ئێستای ئۆکرانیا کەڵک وەردەگرێت، ئەو شەڕەی کە لە 24 ی شوباتی 2022 لە نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستیپێکردووە.
ئێستا وڵاتانی ئەورووپی بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی پێش هاتنی وەرزی زستان و پاشەکەوتکردنی، پێکەوە کێبڕکێ دەکەن، ئەویش لە هەلومەرجێکدا کە نرخی گازی سرووشتی لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 10 هێندە بەرز بووەتەوە و ژمارەی پێوانەیی تۆمار کردووە.
شەش مانگ پێش ئێستا و لە سەرەتای شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ بوو کە دەوحە میوانداری شەشەم کۆبوونەوەی وڵاتانی هەناردەکای گازی کرد، کۆبوونەوەیەک کە بە درووشمی ” گازی سرووشتی، داڕشتنی داهاتووی وزە ” بەڕێوەچوو، ئەو کاتیش نیگەرانییەکانی وڵاتانی ئەورووپی هێندە نەبوو کە قەتەر هان بدەن ڕوو لە وەبەرهێنانی زیاتری گازی سرووشتی بکات.
سەعد کەعبی وەزیری وزەی قەتەر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی پاش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وڵاتانی هەناردەکاری گازی سرووشتی، جەختیکردەوە کە هیچ وڵاتێک ناتوانێت لە هەلومەرجی ئێستادا ڕێژەی گازی هەناردەکراوی ڕووسیا بۆ ئەورووپا دابین بکات و ڕایگەیاند کە ئێمە ئەم ڕێژەیە لە گازی سرووشتیمان نییە و دۆزینەوەی جێگرەوەیەک بۆ گازی هەناردەکراوی ڕووسیا بۆ ئەورووپا لە ئێستادا ئاسان نییە./.