بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە ئەمڕۆ چوارشەممە 31 ی ئابی 2022 بڵاو بووەتەوە، هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران پێشوازی لە گەڕانەوەی ئارامی بۆ عێراق دەکات، هیوای بەخشین بۆ گیان بەختکردووەکان و چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی ڕووداوەکانی ئەم دواییە دەخوازێت و هەروەها ستایشی پشوودرێژی و زانایی حکومەت و گەلی عێراق و سەرجەم دامەزراوە دەستوورییەکانی ئەم وڵاتە بۆ تێپەڕاندنی پیلانێکی گەورە دەکات.
بەیاننامەکە دەڵێت: کۆماری ئیسلامی ئێران وەک چۆن کە پێشتریش ڕایگەیاندووە، تەنیا چارەسەری دەربازبوونی عێراق لەم قەیرانە بە وتووێژ، پاراستنی مافی هاووڵاتیان، ڕێزگرتن لە دامەزراوە دەستوورییەکان، پابەندبوون بە دەستوور و پرۆسەی سیاسی دەزانێت و هیوادارە سەرجەم گرووپ و لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە قبووڵکردنی بەرپرسیاریەتی و بەشداری کارا لە پرۆسەی سیاسی، بەستێنی گونجاو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ دابین بکەن.
وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام خوازیاری عێراقێکی سەقامگیر، ئەمن، بەهێز و خاوەن ڕۆڵی کاریگەرە لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و هیچ کات درێغیی لە پاڵپشتیکردنی پرۆسەی سیاسی و دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی عێراق نەکردووە.
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: کۆماری ئیسلامی ئێران داوا لە سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، کەسایەتییەکان و هۆگرانی عێراقێکی بەهێز و سەربەخۆ دەکات بە ڕێزگرتن لە ماف و داواکارییەکانی یەکتر لە پرۆسەیەکی ئاشتیانە و لە سەر بنەمای وتووێژ لە گەڵ هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی، سەرجەم داواکاری و کردەوەکانی خۆیان لە ڕێگای یاسا و ڕێڕەوە یاساییەکانەوە شوێنگری بکەن و دەرگا بە ڕووی هەر پیلانگێڕییەکی ناحەزانی عێراقدا دابخەن.
بەیاننامەکە ڕایگەیاندووە: کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی دەستپێکردنی ڕۆژانی زیارەتی چلەی شەهیدبوونی ئیمام حوسێن (ع) و شەپۆلی میلیۆنیی زیارەتکارانی حوسێنی بەرەو شوێنە پیرۆزەکانی عێراق، جەخت لە سەر پێویستی ڕێزگرتن لەم بۆنە پیرۆزە و هەوڵی هاوبەش بۆ جێگیرکردنی ئاسایش و سەقامگیری و دابینکردنی ئاسایشی سەرجەم زیارەتکاران و میوانانی شوێنە پیرۆزەکان دەکاتەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێراندا هاتووە کە دڵنیاین کۆماری عێراق بە پشت بەستن بە یارمەتی خودای گەورە و بە ڕێنماییەکانی مەرجەعیەتی باڵای ئائینی و ووشیاری گەل و زانایی حکومەت و بەرپرسانی باڵا و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، ئەم قۆناغە دژوارەش تێپەڕ دەکات./.