بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران لە بەشێک لە وتارەکەیان لەو چاوپێکەوتنەدا ڕایانگەیاند کە گەڕانەوەی هیوا و متمانەی خەڵک باشترین و گەورەترین دەسکەوتی حکومەتە، خەڵک کاتێک دەبینن کە بەرپرسانی باڵای حکومەت لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکەدان و هەوڵی کار و خزمەتگوزاری بەوان دەدەن، متمانەی گشتیی تا ڕادەیەکی زۆر زیندوو کردووەتەوە.
بەڕێزیان هەروەها وتیان کە 31 سەردانی پارێزگاکان لە ساڵی یەکەمی تەمەنی کابینەی سێزدەیەم بۆ سەرتاسەری وڵات بە تایبەت ناوچە دوورەکان، چاودێری نزیک لە سەر کار و پرۆژە و چالاکییەکان و هەروەها نزیکبوونەوە لە خەڵک لە ڕیزی دەسکەوتەکانی دیکەی ئەم کابینەیەدا بووە.
حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئامۆژگاریی بەرپرسانی کرد کە درێژە بەم پەیوەندییە نزیکەیان لە گەڵ خەڵک بدەن و لە هەمان کاتدا جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت پلانی ئەوەیان هەبێت کەڵک لە بیر و بۆچوونی خەڵک لە بوارە جیاجیاکان بە تایبەت لە بواری ئابوری و سیاسیدا وەربگیرێت.
ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران یەکەمایەتی وڵاتیان لە ئێستادا بە ئابوری ناو برد و وتیان کە ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کەمتر بایەخ بە بوارەکانی وەک زانست، ئاسایش، کۆمەڵایەتی و کەلتوری بدرێت.
بەڕێزیان جەختیان لە سەر پەرەپێدانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی کردەوە و داوایان لە سەرۆک کۆمار و بەرپرسانی دیکە کرد کە ڕوبەڕوی ئەو ئاستەنگ و بەربەستانە ببنەوە کە بواری وەبەرهێنان لاواز دەکەن./.