بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئاژانسی بلۆمبێرگ لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندووە کە ئێران نزیکەی 93 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە سەر کەشتییەکان لە کەنداوی فارس، کەناراوەکانی سەنگافۆرە و لە نزیک چین پاشەکەوت کردووە.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دامەزراوەی ورتکسا ئەم ڕێژەیەی بە 60 تا 70 ملیۆن بەرمیل خەمڵاندووە.
شارەزایان لەو بڕوایەدان کە ئێران ژمارەیەکی بەرچاو کەشتی بچووکی ئامادە کردووە کە دەتوانن نەوتەکەی لە زووترین کاتدا بخەنە بازاڕەوە بەڵام هێشتا چارەسەرکردنی کێشەکانی وەک بیمە، گواستنەوە و چۆنیەتی فرۆشتنی کاتی دەوێت.
ئەگەری گەڕانەوەی تەواوی ئێران بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت و هەڵگرتنی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا لە هەلومەرجێکی قورسدا بۆ بازرگانانی نەوت ڕوو دەدات. سەرمایەگوزاران لە چاوەڕوانی ژمارەی پێچەوانەیی دەستپێکردنی سزاکانی یەکێتی ئەورووپان بۆ سەر کەرتی نەوتی ڕووسیا لە مانگی کانوونی یەکەمی داهاتوو، زیاتر لەمەش، فرۆشتنی نەوتی ئیدارەی بایدن لە پاشەکەوتە ستراتیژییەکان لە مانگی تشرینی یەکەم تەواو دەبێت.
ئەگەری گەڕانەوەی ئێران بۆ بازاڕی جیهانیی نەوت کاریگەریی لە سەر نرخی نەوت لە هەفتەکانی ڕابردوو هەبووە و هێماکانی کەمبوونی نەوتی لە بازاڕدا لە ناو بردووە.
شرۆڤەکارێکی دامەزراوەی ورتکسا ڕایگەیاندووە کە ئێران ڕۆژانە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی هەبووە. چین یەکێکە لە گەورەترین کڕیارانی نەوتی ئێران.
ئەورووپا لە ساڵی 2017 بە ڕێژەی 748 هەزار بەرمیل و لە ساڵی 2018 بە ڕێژەی 528 هەزار بەرمیل نەوتی ئێرانی بەکار هێناوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئاسیا لە ئەم ساڵانەدا ڕۆژانە زیاتر لە یەک ملیۆن نەوتی ئێرانی بەکار هێناوە./.