بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پێشتر باسی لە سوود و زیانەکانی خواردنی نان کردووە کە لە درێژەدا ئاماژەیان پێدەدرێت:
1 – ئەو زیانانەی کە باس کراون بریتین لە زیانەکانی ئاردی سپی، واتە ئاردی سفر و هەموو پسپۆڕان لە سەر ئەوە کۆکن کە پێویستە نان لە ئاری بۆر درووست بکرێت، لە بەر ئەوەی کە ئاردی بۆر وەک دانەوێڵە تەواوەکان پۆلێن دەکرێت و هەر سێ پێکهاتەکانی گەنمی تێدایە لە کاتێکدا کە ئاردی سپی تەنیا لە Endosperm درووست دەکرێت و بەشی زۆری ڕیشاڵ و ڤیتامین و کانزاکانی تێدا نییە.
2 – نان بڕێکی زۆری کالۆری تێدا نییە، واتە بە تەنیا نابێتە هۆی قەڵەوی و زۆریی کێش، بەڵام نانێک کە لە ئاردی سۆی درووست کرابێت یەکێکە لەو خۆراکانەی کە دەبێتە هۆی قەڵەوی ورگ. هەروەها بە هۆی کەمی مادە ڕیشاڵییەکان و بەرزی glycemic index ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەکرە زیاتر دەکات، ئاردی بۆر و ئاردی گەنمەشامی و شۆڤان و ئاردی جۆ و ئاردی بادەم باشترن و مرۆڤ درەنگتر هەست بە برسێتی دەکات.
3 – بڕێ ڕێگەپێدراوی ڕۆژانە لە ئارد بە شێوەیەکی گشتی بریتییە لە 178 گرام، بەڵام ئەو ڕێژەیە بە پێی جۆری خواردن و پیشە و چالاکی جەستە و ئەنجامدانی وەرزشەوە دەگۆڕێت، واتە ڕۆژانە نزیکەی دوو نانی بازاڕ، بەڵام لە بیرمان نەچێت کە خۆراکی دیکەی وەک پیتزا و کێک و ئیشی هەویر و بسکیت ئاردی هەیە.
4 – لە هەرێمی کوردستان نانی بازاڕ بڕی زیاتری لێ دەخورێت، کاتێک کە گەرم بێت و نانی تیرئ و هەورامی کەمتری لێ دەخورێت.
5 – ڕێژەیەکی دیاریکراو لە دانیشتووان مادەی گلۆتینی ناو گەنم و جۆیان پێ ناکەوێت و هەرسی ناکەن، لە ئەمریکا ڕێژەی لە سەدا 7 ی دانیشتووان ئەم حاڵەتەیان هەیە، واتە زۆرینەی خەڵک ئەو کێشەیان نییە و ئاردی سپی بڕی گلۆتینی زیاتری تێدایە.
6 – بوونی ڕەشکە و شمڵی و تۆوەکانی دیکە لە ناو ئادری بۆر سوودەکانی زیاتر دەکات، هەروەها بەکارهێنانی خومرە لە بری سۆدە بژاردەیەکی زۆر تەندرووستە.
7 – گرنگترین هۆکاری قەڵەوی بریتییە لە خواردنی بڕی زیاتر لە پێویستی جەستە لە کالۆری لە ڕۆژێکدا. خواردنی دەوڵەمەند بە کاربۆهیدراتی سادەی وەک ئاردی سپی و برنجی سپی و شەکری درووست کراو، مادە پرۆتینییەکان ماوەیەکی زیاتری دەوێت تا هەرس دەکرێن و درەنگتر مرۆڤەکە برسی دەبێتەوە، کەس نییە بە نان و ماست یان نان و تەماتە قەڵەوبێت بەڵکوو کۆی خۆراکی خوراو و جۆرەکەی بە درێژایی ڕۆژەکە پێویستە هەژمار بکرێت.
8 – لە کۆتاییدا، کاتی ئەوە هاتووە کە نانی ئاردی بۆر لە بری نان و سەموونی ئاردی سپی بخورێت./.