جام کوردی – “پازار” كە پێکهاتووە لە ٩ بەرگ، لە چاپخانەی زانکۆی سەلاحەددین چاپ کراوە و کەوتووەتە بەردەستى خوێنەران لە کوردستان.
سەحەر موعێزی لە پەیجی ئینستاگرامی خۆی بڵاوی کردۆتەوە پاش سێزدە ساڵ گەڕان و کۆکردنەوەی، پازار چاوی لە ڕووی دنیا هەڵهێنا.
لە فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیکی ڕەنگی کوردی زیاتر لە ٧٣هەزار ناوی ڕەنگەکانی لەسەر جەم کوردستاندا کۆکراوەتەوە.
ئەم فەرهەنگە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ مێژوو، هونەر، کلتوور، کۆمەڵناسیی و وێژەی کوردیی.
سەحەر مۆعێزی ژنە ئەدیب و نووسەری ئەم فەرهەنگە لە دایکبووی ١٩٨١ بە دەرفەتێکی سنووردار و کەمەوە توانیویەتی خزمەتێکی گەورە بە وێژە و کلتووری کوردی بکات و بەو بۆنەشەوە نازناوی خاتوونی ڕەنگەکانی پێ بەخشراوە.
مۆعێزی سەبارەت بە ئەنجامدانی ئەم کارە بەنرخە ڕایگەیاندووە هەر لە سەرەتاوە دەوڵەمەندی زمانی کوردی لە بواری ڕەنگەکاندا سەرنجی منی بە لای خۆیدا ڕاکێشا، بەهۆی ئەوەی دایکی من تەونکەر بوو منیش هەر لە منداڵییەوە لە پاڵ خوێندنەکەم لەگەڵ دایکمدا تەونم دەکرد، دایکم بە پێی زاراوەی هەرێمەکەمان ناوی تایبەتی بۆ ڕەنگی بەن و ڕێسەکان هەبوو، کاتێک دەچووینە بازاڕی بەن فرۆشەکان لەوێش بە پێی زاراوەی هەرێمێکی دیکە ڕەنگی بەنەکان ناوێکی دیکە تایبەت بە خۆیان هەبوو، ئەگەر لەوێش ئەو ڕەنگانەمان دەست نەکەوتایە، دەچووینە بازاڕی ڕەنگڕێژەکان و لەوێش بە پێی هەرێمەکەی خۆیان ناوێکی دیکەیان لەو ڕەنگانە دەنا، ئەمەش ئەو پرسیارەی لە مێشکمدا درووستکرد، کە چۆن دەبێت ئێمە هەموومان هاوزمان بین بەڵام ناوی جۆراجۆر لە ڕەنگەکان بنێین، هەر بۆیە ئەمە هۆگری لە مندا بۆ ڕەنگەکان درووستکرد و من لە ناوی ڕەنگی بەن و ڕێسەکانەوە دەستمپێکرد، تا دوایی کە هەستم پێکرد بۆ ڕەنگ لە زمانی کوردیدا لە هەر زاراوە و خێڵ و گوندێک ناوێکی تایبەت لە ڕەنگەکان دەنێن.
سەبارەت بە دەستپێکردنی پڕۆژەکە وتی: لە شاری سنەوە دەستمپێکرد و وردە وردە بۆ کۆکردنەوەی ناوی ڕەنگەکان بە گوندەکانیشدا گەڕام، بۆ کۆکردنەوەی ئەم فەرهەنگە بۆ خۆم چەند پۆلێنبەندییەکم کرد و بە پێی ئەوەش دەستم بە کۆ کردنەوەی ناوی ڕەنگەکان کرد، هەوڵمدا پرسیارەکانم لە ڕێژەی ژنان و پیاوان یەکسان بێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەندێک کار تایبەت بە پیاوان و هەندێکیش تایبەت بە ژنانن، ئەمە پێکنەهات، بۆ نموونە بۆ ڕەنگی کۆترەکان نەمدەتوانی لە ژنان پرسیار بکەم، چونکە تەنها پیاوان بە کۆتربازییەوە سەرقاڵن لە کۆمەڵگای ئێمەدا.
نووسەر جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە فەرهەنگی ئینسایکلۆپێدیکی ڕەنگی کوردی لە بوارەکانی وێژەیی، مێژوویی، جوگرافی، هونەری و کۆمەڵناسییەوە دەتوانێت سەرچاوەیەکی باش بێت بۆ لێکۆڵینەوە و توێژینەوە لەسەر کورد، ئەم فەرهەنگە تەنها بریتی نییە لە ناوی ڕەنگەکان، بەڵکو هاوکات ناوی ڕەنگەکانی کە لە پەند، هەڵبەست، مەتەڵ و قسەی نەستەق بەکارهاتوون، لەخۆی گرتووە، واتە وەکوو نموونە لە پاڵ ناو ڕەنگەکاندا ئاماژە کراوە بە شێوازی بەکار هێنانی ئەو ناوانە لە ناو خەڵکدا.