بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە 6 مانگەی یەکەمی ئەمساڵ 500 کۆمپانیای نوێی ڕووسیا لە بازاڕەکانی تورکیا چالاکییان دەستپێکردووە.
ئەمەش دوو هێندەی ژمارەی تەواوی کۆمپانیاکانی ڕووسیایە کە لە ساڵی 2021 لە تورکیا چالاکییان دەستپێکردووە.
هەناردەی تورکیا بۆ ڕووسیاش لە مانگی تەمموز بەراورد بە مانگی تەمموزی 2021 لە سەدا 75 گەشەی کردووە.
ئەمانەش پیشان دەدات کە لە پاش سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، ڕووسیا تورکیا وەک هاوبەشێکی گرنگی ئابوری دەبینێت.
والی ئەدیمۆ جێگری وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو لە نامەیەکدا بۆ دوو دامەزراوەی گرنگی ئابوریی تورکیا هۆشداریی داوە کە ئەم دۆخە سزادانی کۆمپانیاکانی تورکیای بە دواوە دەبێت.
ئەو بەرپرسە ئەمریکییە هەروەها هەینی ڕابردوو لە وتووێژێکی تەلەفوونیدا لە گەڵ هاوتا تورکەکەی سەبارەت بە بەکارهێنانی کۆمپانیاکانی ئەم وڵاتە لە لایەن ڕووسیاوە هۆشداریی دا.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە پاش هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا ئەردۆغان هەوڵی ئەوەیدا هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەر دوو لا بپارێزێت.
تورکیا لەم پێناوەدا بڕێکی زۆر چەک و 50 درۆنی پێشکەوتووی بە ئۆکرانیا فرۆشت و هەروەها ڕێگریی لە هاتووچۆی کەشتییەکانی ڕووسیا لە گەروی بۆسفۆر کرد. ئەنکەرە ڕۆڵی بەرچاوی لە ڕێکەوتنی هەناردەی گەنم و دانەوێڵەی ئۆکرانیا هەبووە./.