بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات ڕۆژی یەک شەممە 21 ی ئابی 2022 ڕایگەیاند کە بە پێی ڕێکەوتنی پێشووی نێوان ئەبوزەبی و تاران، سەیف محەممەد زعابی وەک باڵیۆزی ئیمارات بۆ ئێران دەگەڕێتەوە.
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی ئیماراتدا هاتووە کە لە چوارچێوەی پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و لە پێناو بەرزکردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی هەر دوو وڵات بۆ پلەی باڵیۆز و ئەو پەیوەندییە تەلەفوونییەی کە لە 26 ی تەمموز لە نێوان شێخ عەبدوڵڵا بن زاید ئالی نەهیان وەزیری دەرەوەی ئیمارات و دکتۆر حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوە کۆماری ئیسلامی ئێران کرا، سەیف محەممەد زعابی باڵیۆزی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگەڕێتەوە.
ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ساڵی 2015 لە پاش سعوودیە، بەحرەین و سودان و بە ئامانجی گوشاری سیاسی لە دژی ئێران، ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لە گەڵ تاران دابەزاند و باڵیۆزی خۆیی بۆ ئەبوزەبی کشاندەوە و کەسێکی وەک کاربەڕێکەری کاروباری باڵیۆزخانە لە تاران دەستنیشان کرد و هاوکات ژمارەی دیپلۆماتکارەکانیشی لە ئێران کەمکردەوە بەڵام لە پاش هاتنەسەرکاری کابینەی سێزدەیەمی حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەرۆکایەتی ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی، حکومەتی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس خواستی خۆیان بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لە گەڵ تاران پیشاندا.
لەم چوارچێوەدا کوێت باڵیۆزەکەیی بۆ تاران گەڕاندووەتەوە و بەدر عەبدوڵڵا مونیخ وەک باڵیۆزی نوێ نامەی دەستبەکاربوونی ڕادەستی حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد./.