بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، شاندێکی وزاریی سوریا و ڕووسیا بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە بەردەوامی بەتاڵانبردنی نەوتی ئەم وڵاتە لە لایەن ئەمریکاوە هۆکاری دۆخی دژواری مرۆڤی و ئەو ئێش و ئازارانەیە کە بەرۆکی هاووڵاتیانی سوریای گرتووەتەوە.
شاندە هاوبەشەکەی مۆسکۆ و دیمەشق لە بەیاننامەکەی خۆیان ڕایانگەیاندووە کە وڵاتانی ڕووسیا و سوریا داگیرکردنی خاکی سوریا و تاڵانکردنی سامانە و داهاتەکەی لە لایەن داگیرکارانی ئەمریکی و هاوپەیمانەکانیەوە بە توندی ئیدانە دەکەن، ئەو هێزانەی کە ڕۆژانە نزیکەی 66 هەزار نەوتی دەرهێنراوی سوریا تاڵان دەکەن.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە تاڵانکردنی نەوتی سوریا لە لایەن واشنتنەوە گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی خۆی و ئەمەش بووەتە هۆکاری بەردەوامبوونی ئەم دۆخە دژوارە مرۆڤییە، لە بەر ئەوەی کە بە ملیۆنان سوری تووشی کێشەی نەبوونی وزە، ئاو، خۆراک و پێداویستییەکانی دیکە بوونەتەوە.
ئەوان داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت وڵاتانی دراوسێی سوریا کردووە تا بۆ ڕێگری لە بەقاچاخبردنی سامانی خەڵکی ئەم وڵاتە ڕێوشوێنی توند بگرنەبەر.
مۆسکۆ و دیمەشق لە کۆتاییدا جەختیان لە سەر گرنگی هەوڵەکان بۆ هەڵگرتنی گەمارۆی ئەو دامەزراوانە کردووەتەوە کە لە نۆژەنکردنەوەی ژێرخانی پەیوەندیدار بە دابینکردنی ئاو، کارەبا، نەخۆشخانەکان، نانەواخانەکان، نیشتەجێبوون و پێداویستییە گرنگەکانی دیکە ڕۆڵ و بەشدارییان هەیە./.