بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێسحاق بریک ژنڕاڵی خانەنشینی ڕژێمی زایۆنیستی ڕەخنەی لە سیاسەتی سەربازیی تەل ئەبیب گرت کە لە بەرامبەر گرووپەکانی خۆڕاگریی فەڵەستین تەنیا پشت بە هێزی ئاسمانی دەبەستێت و هێزی وشکانی بەکار ناهێنێت.
ناوبراو وتی: شەڕە بەردەوامەکان لە گەڵ بزوتنەوەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لە غەززە بوونەتە هۆی پاشەکشەی ئیسرائیل و بەدەر لە زیانە ئابوری و کۆمەڵایەتییەکانی سەر دانیشتووانی شارۆچکەکان، لە داهاتوودا و بە تایبەت بە کەمبوونەوەی ماوەی ئاگربەستی نێوان شەڕەکان، کاریگەری هێزی وشکانی لە چەند بەرەی شەڕدا لە دەست دەدات.
ئەو ژنڕاڵەی زایۆنیست لە درێژەدا سەرکردە سیاسی و فەرماندە سەربازییەکانی ئەم ڕژێمەی بە کەمتەرخەمی لە بەرامبەر هێزی وشکانی بە هۆی ڕێگری لە کوژرانی سەربازەکان تۆمەتبار کرد و وتی: ئەم ڕاستییەش بووەتە هۆی ئەوەی کە حەماس و جیهادی ئیسلامی هەست بەوە بکەن لە بەرامبەر سوپایەکی لاوازدان کە توانای پرۆسەی سەربازیی وشکانیی نییە.
ئێسحاق بریک وتی: ئیسرائیل دیوار، بەربەستی وشکانی و ئەستوونی کۆنکرێتی بە تێچوویەکی زۆرەوە درووست دەکات و هێزی ئاسمانی بووەتە تەنیا نوێنەر بۆ کردەوە سەربازییەکان، بەڵام هێزی ئاسمانی بە تەنیا ناتوانێت لە شەڕەدا سەرکەوتن بە دەست بێنێت.
ئەو ژنڕاڵە خانەنشینەی ڕژێمی زایۆنیستی هەروەها وتی: حەماس ڕۆژانە 400 مووشەکی ئاراستە دەکرد و ژمارەی مووشەکەکانی لە ماوەی دە ڕۆژدا گەیشتە 4300 مووشەک، بەدەر لە زیانە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکان، تێچووی ڕاستەوخۆی ئێمە لە شەڕەکەدا زۆر بووە.
وتیشی کە نەبوونی متمانەی فەرماندە باڵا سەربازییەکان بە هێزی وشکانی لە شەڕەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی کە هێز و کاریگەری خۆمان بە تایبەت لە شەڕی چەندین بەرەدا لە دەست بدەین و لەمەش زیاتر ئەوەی کە هێزی بەرگری و سەرکەوتنی ئێمە بە تەواوی واتایەکی نابێت./.