بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پێگەی کەناڵی CNN ڕایگەیاندووە کە ئێران لە ئەگەری هەر کشانەوەیەکی دووبارەی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی، داوای قەرەبووکردنەوەی کردووە.
لەو هەواڵەدا هاتووە کە ئێران ئەگەر سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی بکشێتەوە، دەیەوێت لەوە دڵنیا بێت کە قەرەبوو دەکرێتەوە.
چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایانگەیاندووە کە ئێران لە سەر ئەگەری کشانەوەی سەرۆک کۆماری داهاتووی ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی و دەستپێکردنەوەی گەمارۆکان هەندێک تێبینی هەیە.
ئەو سەرچاوانە ڕایانگەیاندووە کە پێدەچێت کە سەبارەت بە سزاکانی سەر کۆمپانیا چالاکە ئێرانییەکان لە دەرەوەی ئەم وڵاتە، هەندێک بەرەوپێشچوون هاتووەتە پێشەوە و تێڕوانینەکان لێک نزیک بوونەتەوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوانە، سەرەکیترین پرس لە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنی ناوەکی، ئەو دەستەبەرەیە کە ئێران داوای کردووە تا لەوە دڵنیا بێت ئەگەر ئەمریکا جارێکی دیکە لە ڕێکەوتنەکە بکشێتەوە، قەرەبوو وەردەگرێت./.