بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وانگ ون بین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین بە ئاماژە بە سەردانە نایاسایی و ئاژاوەگێڕییەکەی نانسی پیلۆسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ تایوان، وتی: پیلۆسی دەبێت سەردانی وڵاتانی ئەفغانستان، عێراق، سوریا و لیبیاش بکات تا بە هۆی کوژرانی خەڵکی مەدەنی ئەم وڵاتانە لە لایەن سوپای ئەمریکاوە داوای لێبوردن بکات.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی: ئەگەر نانسی پیلۆسی هێندە هەوڵی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ دەدات، باشترە سەردانی ئەو وڵاتانە بکات تا لە کوژرانی سەدان هەزار کەس خەڵکی بێ تاوانی مەدەنی لە لایەن سوپای ئەمریکاوە هەست بە شەرمەزاری بکات، ئەو دەتوانێت بەڵێن بەو وڵاتانە بدات کە ئەم پێشێلکارییە گەورەیە لە لایەن سوپای ئەمریکاوە دووبارە نابێتەوە.
وانگ ون بین ڕەخنەی لە سەردانەکەی پیلۆسی بۆ تایوان گرت و وتی کە سەردانەکە پێشێلکردنی ئەو سیاسەتە سەرەکییەی چینی یەکگرتووە کە لە لایەن پەکین و واشنتنەوە جەختی لە سەر کراوەتەوە.
وتیشی کە ئەم سەردانە پەیوەندییە بە دیمۆکراسییەوە نەبووە و فریودانێکی سیاسییە کە پێچەوانەی خواست و ئیرادەی یەک ملیار و 400 ملیۆن هاووڵاتی ئێمە بە تایبەت لە تایوانە./.