بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بەیاننامەیەکی لە سەر ڕووداوەکانی غەززە و تاوان و هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: تاوانی نوێی ڕژێمی تەزویر، ڕەگەزپەرست و منداڵکوژی زایۆنیستی لە هێرشی سەر کەرتی غەززە کە لە ڕۆژی هەینی بە هێرشی سەربازی و تیرۆری فەرماندەکانی خۆڕاگریی ئیسلامی فەڵەستین بە پاڵپشتی ئەمریکا و وڵاتانی دژە مرۆڤی دیکە دەستیپێکردووە. جارێکی دیکە پەردەی لە سەر تاوان و دەسدرێژی زایۆنیستەکان و لایەنگرانی ئەو ڕژێمە لە ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەڵگرتووە.
سوپای پاسداران هێرشەکانی تەل ئەبیبی بە هەڵەیەکی ستراتیژییی ئەو ڕژێمە و هەنگاوێک بۆ تاقیکردنەوەی توانا، زمان و کوالیتی وەڵامدانەوەی خۆڕاگری لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەرێکی بەربڵاو و گشتگیر لە دژی گەلی فەڵەستین ناو بردووە و ڕایگەیاندووە کە بێگومان ئەم تاوانە گەورە کە لە مانگی موحەڕەم بووە هۆی شەهید و برینداربوونی دەیان کەس لە گەلی موسڵمان و زوڵملێکراوی فەڵەستین بە دەستی یەزدییەکانی ئەم سەردەمە، دەبێتە هۆکاری پەشیمانبوونەوەی زایۆنیستەکان و لایەنگرانی ئەوان.
لە درێژەی بەیاننامەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە: هێڵی سازشت و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ ڕژێمی تەزویر و تاوانباری زایۆنیستی نەک تەنیا ئاسایش و سەقامگیری ئەوان دەستەبەر ناکات، بەڵکوو توانا و کاریگەرییەکانی خۆڕاگری ئیسلامی و دژە زایۆنیستی لە نێو گەلانی موسڵمان زیاتر دەکات و وەک ئاگر بە سەر داگیرکارانی خاکی فەڵەستین دەبارێت.
سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە کە چاوەڕوانی ئەوە لە ڕێکخراوەکان و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان بە تایبەت ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکرێت کە کۆتایی بە بێدەنگی و بێ هەڵوێستی خۆیان لە بەرامبەر تاوانی زایۆنیستەکان بێنن و بە پێچەوانەی ئەمە دەستیان لەو هەموو تاوانەدا هەیە کە لە لایەن زایۆنیستەکانەوە لە دژی گەلی فەڵەستین دەکرێت./.